نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ لە هێرشی کەسانی "توندئاژۆی سەلەفیی نزیک لە حکوومەت" بریندار بوو

20:31 - 15 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "نەهرۆ ڕۆستەم نژاد"، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە یەکێک لە پارکەکانی سەقز، کەوتە بەر هێرشی چەند کەس لە کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی بە بیری داعشی" و بە هۆی لێدانی چەقۆ لەلایەن ئەم کەسانەوە  بە سەختی  بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵە، کە لە تاران کرێکاریی کردووە و بۆ سەردانی بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە سەقز، کێشەی لەگەڵ هیچکەس نەبووە، ئەم کەسانەش پاش بریندارکردنی ناوبراو لە پێوەندییەکدا پێیان وتووە کە بە هۆی "کفر کردن" لە تاران کە لە "وێنەکانیدا دیار بووە"، کراوەتە ئامانج. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هیچ وێنەیەک لە "کفر کردن"ی ئەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ کەسانی "توندئاژۆی سەلەفی"، بە بیانووگەلی جیاواز و تەنیا بە مەبەستی ترساندنی خەڵک ئەم کارانە دەکەن. لەلایەکی دیکەوە بە سەرنجدان بە پێشینەی ئەم کارانەی کە لەلایەن "توندئاژۆ سەلەفییەکان"ەوە  دەکرێن و ئەوەی کە ئەم کەسانە تاکوو ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتەوە لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە، "نزیک" لە حکوومەتن و لەژێر سێبەری ئەمنی حکوومەتدان.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها دەڵێ؛ ئێستا ئەم کەسە "سەلەفییانە"، داوای لێخۆشبوونیان لەم لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە کردووە و وتوویانە ئەگەر لێمان خۆش نەبی، کەسوکاری دەکوژن.

ئێستا بنەماڵەی ڕۆستەم نژاد بە شێوەی یاسایی سکاڵایان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی پێڕاگەیشتنی دادگان. ئەم بنەماڵەیە فیلم و بەڵگەی پێوەندیداریشیان هاوپێچی سکاڵاکەیان کردووە.

نەهرۆ ڕۆستەم نژاد لەم هێرشەدا سەر و هەر دوو لاقی بە سەختی بریندار بوون.

ئەمە چەندەمین جارە کە کەسانێکی سەر بە گرووپە "تۆندئاژۆ سەلەفییەکان"، لە شارەکانی مەریوان، سنە و سەقز، هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و بە چەقۆ لێیان دەدەن.

شەوی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی "فارووق ڕەشیدی"، خەڵکی سەقز، لەلایەن کەسانێکی توندئاژۆی سەلەفییەوە کوژرا.

بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپێک لە سەلەفییە توندئاژۆکان بە وتنەوەی "اللە اکبر"، و بە بیانووی کفر کردن، بە شمشێر و قەمە هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک لە لاوانی گەڕەکی دارسەیران لە شاری مەریوان و یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکەیان بە سەختی بریندار کرد. لە درێژەی هەڕەشەکانی ئەم گرووپە توندئاژۆیەدا، لە ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕدا جارێکی تر هێرشیان کردە سەر گەڕەکی دارسەیران بەڵام بە یەکگرتوویی خەڵک ناچار بە پاشەکشێ بوون.

٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠؛ گرووپە سەلەفییە توندئاژۆکان لە ڕێگای "مەلقەرەنی"ی شاری سەقز، بە بیانووی خواردنەوەی خواردنەوە ئەلکولییەکان هێرشیان کردە سەر چەند لاو و بە سەختی برینداریان کردن.

٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠؛ ژمارەیەک لە سەلەفییە توندئاژۆکان لەکاتێکدا کە سواری ماتۆر بوون و دروشمی "اللە اکبر"یان دەوتەوە، لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە هێرشیان کردە سەر خەڵک و کەسێکیان بە سەختی بریندار کرد. دانیشتووانی ئەم گەڕەکە لە کاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرووپی سەلەفییەکان دوو کەسیان لێ بریندار کردن کە دوابەدوای ڕاگواستنیان بۆ نەخۆشخانە، ژمارەیەک لە سەلەفییەکان بە چەکی گەرم و سارد لە بەردەم نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە کۆ بوونەوە و شەقامەکانی ئەم شوێنەش لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە داخران.

پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا پەرژابووە سەر هۆکاری بەرەنگارنەبوونەوەی حکوومەت لەگەڵ هاتوچۆ و هێرشەکانی گرووپە سەلەفییە توندئاژۆکان.