مەریوان؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دلێر زاهێدیپوور

12:35 - 14 رێبەندان 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە دەسبەسەرکرانی دلێر زاهێدیپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵەیە، پاش دەسبەسەرکران، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی دلێر بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادار وتی: ناڕوونیی چارەنووسی دلێر، نیگەرانیی بەماڵەکەی لێ کەتووەتەوە.

ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕێبەندان، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان، دەستیان بە سەر مۆبایل و ماشینەکەیدا گرتووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دلێر زاهێدیپوور، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.