هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە دیواندەرە دەسبەسەر کرا

21:54 - 25 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاوە چووپانی"، خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە گەیشتووەتە شوێنی کارەکەی خۆی (سافکاریی ماشین)، لە جاددەی ساحێلیدا، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ٥ کەس هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

کاوە چووپانی تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی محەممەدساڵح، خێزاندار و باوکی کچێکی ٥ ساڵە بە ناوی "کارین"ە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی کاوە چووپانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.