٧ کەس لە بەندکراوانی سەقز سزای بەندکران، سزای نەختی و سزای تەکمیلییان بەسەردا سەپا

00:31 - 24 رێبەندان 2723

٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی سەقز بە ناوەکانی "هیوا جەهانی"، تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی محەممەد، "شێرکۆ(خالید) حیجازی"، تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی محەممەد، "هیوا تاتایی" تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی محەممەدساڵح، "سەفا عائێلی" تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی عەبدولڕەحمان، "محەممەدئازاد ئەمینی" تەمەن ٥٢ ساڵ و کوڕی نەجمەدین، "سەمیرا ئەحمەدی" تەمەن ٣٢ ساڵ و کچی مەحموود و "ئومید موقەدەس" تەمەن ٤٤ ساڵ و کوڕی ئەنوەر، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلای سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بەندکران، سزای نەختی و سزای تەکمیلییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی سزای دیاریکراو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە، سەفا عائێلی بە تۆمەتەکانی "بەشداری لە کۆبوونەوە بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی نێوخۆیی"، بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری، "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنە لە سۆشیاڵ میدیا" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە و بەپێی بەندی "ث" لە ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان پەسەندکراوی ١٣٩٩، زۆرترین سزا بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی بۆ جێبەجێ دەکرێ.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٤٦، ٤٩، ٥٢ و ٥٤ی یاسای ناوبراو و ماددەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیریی پەسەندکراوی ١٣٩٩، بڕیاری هەڵپەساردنی یەک لەسەر سێی ئەم سزایەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکە دەر کردووە و سەفا عائێلی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەرکدار دەکرێ بەوەی کە لە هاتوچۆ و پێوەندی لەگەڵ کەسانێک کە ئەنجامدانی تاوانیان بەسەردا ساق بووەتەوە خۆی ببوێرێ و هاتوچۆی ئەو شوێنانە نەکات کە تاوانیان تێدا ئەنجام دراوە و هەموو مانگێک جارێک، ڕا و بۆچوونی ئیتلاعات لەبارەی دۆخی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی ناوبراو لەلایەن یەکەی سزا کەیفەرییەکانەوە وەربگیرێ و پەیوەستی دۆسییەکەی بکرێ. لە ماوەی هەڵپەساردندا جیا لە تێپەڕاندنی خولێکی فێرکاری (کارێکی تایبەت)، سێ خولی تەربییەتی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبیی دیاریکراو لە بەندی "ح"ی ماددەی ٤٣ی یاسای ناوبراودا تێپەڕێنی. ناوبراو هەروەها بە نووسینەوەی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە دیارە حکوومەتییەکان کە لە ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١دا کوژراوە و دەربڕینی تێگەیشتنی خۆی لەمبارەوە و ئامادەکردنی لە وتارێکدا سزا دراوە کە دەبێ ڕادەستی بەشی جێبەجکاری سزاکانی بکات و بە شێوەی فایلی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەلڵیەتییە پڕ بینەرەکانی سەقزدا بڵاوی بکاتەوە و لە ئەگەری ئەنجامنەدانی ئەم کارانەدا، بۆ جاری یەکەم، یەک تا دوو ساڵ بە ماوەی هەڵپەساردنەکەی زیاد دەکرێت.

لە ڕاستای جێبەجێکرانی ماددەی ٢٣ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢، جیا لە سزا سەرەکییەکە، دادگا سزای قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکوو سزای تەکمیلی بەسەر سەفا عائێلیدا سەپاندووە.

هیوا جەهانی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنیەتیی نێوخۆیی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزاکان، سزاکەی بە پێبژاردنی ٢٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی (دەرەجە ٥)، گۆڕیوە.

سەمیرا ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا لە ڕاستای جێبەجێکردنی ماددەی ٢٣ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢، جگە لە سزای سەرەکی، بۆ ماوەی دوو ساڵ چونەدەرەوەی ناوبراو لە وڵاتی وەکوو سزای تەکمیلی بەسەریدا سەپاندووە.

محەممەدئازاد ئەمینی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی سزا دراوە.

هیوا تاتایی بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا لە ڕاستای جێبەجکردنی ماددەی ٢٣ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢، جگە لە سزای سەرەکی، بۆ ماوەی دوو ساڵ چونەدەرەوەی ناوبراو لە وڵاتی وەکوو سزای تەکمیلی بەسەریدا سەپاندووە.

ئومید موقەدەس، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دراوە و دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزاکان، ماوەی بەندکرانەکەی بۆ پێبژاردنی ٣٥٠ میلیۆن ڕیاڵ پارە (دەرەجە٥)، گۆڕیوە.

شێرکۆ (خالید) حیجازی بە تۆمەتەکانی "بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٦ ڕۆژ سزای تەعزیری سزا دراوە و بەپێی بەندی "ث"ی ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکانی پەسەندکراوی ١٣٩٩، زۆرترین سزا بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێ.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٤٦، ٤٩، ٥٢ و ٥٤ی یاسای ناوبراو و ماددەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیریی پەسەندکراوی ١٣٩٩، بڕیاری هەڵپەساردنی دوو لەسەر سێی ئەم سزایەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکە دەر کردووە و شێرکۆ حیجازی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەرکدار دەکرێ بەوەی کە لە هاتوچۆ و پێوەندی لەگەڵ کەسانێک کە ئەنجامدانی تاوانیان بەسەردا ساق بووەتەوە خۆی ببوێرێ و هاتوچۆی ئەو شوێنانە نەکات کە تاوانیان تێدا ئەنجام دراوە و هەموو مانگێک جارێک، ڕا و بۆچوونی ئیتلاعات لەبارەی دۆخی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی ناوبراو لەلایەن یەکەی سزا کەیفەرییەکانەوە وەربگیرێ و پەیوەستی دۆسییەکەی بکرێ. لە ماوەی هەڵپەساردندا جیا لە تێپەڕاندنی خولێکی فێرکاری (کارێکی تایبەت) ، سێ خولی تەربییەتی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبیی دیاریکراو لە بەندی "ح"ی ماددەی ٤٣ی یاسای ناوبراودا تێپەڕێنی. ناوبراو هەروەها بە نووسینەوەی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە دیارە حکوومەتییەکان کە لە نارەزایەتییەکانی ١٤٠١دا کوژراوە و دەربڕینی تێگەیشتنی خۆی لەمبارەوە و ئامادەکردنی لە وتارێکدا سزا دراوە کە دەبێ رادەستی بەشی جێبەجکاری سزاکانی بکات و بە شێوەی فایلی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەلایەتییە پڕ بینەرەکانی سەقزدا بڵاوی بکاتەوە و لە ئەگەری ئەنجامنەدانی ئەم کارانەدا، بۆ جاری یەکەم، یەک تا دوو ساڵ بە ماوەی هەڵپەساردنەکەی زیاد دەکرێت.

لە ڕاستای جێبەجێکرانی ماددەی ٢٣ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢، جیا لە سزا سەرەکییەکە، دادگا سزای قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکوو سزای تەکمیلی بەسەر شێرکۆ حیجازیدا سەپاندووە.

ئەم سزایانە ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕێبەندانی بەم ٧ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانە ڕاگەیەندراون و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا دەکرێ پێداچوونەوەیان پێدا بکرێ.

سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی و ئەم ٦ هاووڵاتییەی دیکە، خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا دەسبەسەر کران و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.