بۆکان؛ سێ کەس لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە "افساد فی‌الارض" تۆمەتبار کران

12:44 - 16 بەفرانبار 2723

ڕەئووف شێخ مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی، سێ هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بە "افساد فی‌الارض"، تۆمەتبار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سێ هاووڵاتییە پاش  دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراون و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لەئەستۆگرتنی تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە هێزە ئەمییەتییەکان" لە بۆکان، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی توندا بوون.

ڕەئووف شێخ مەعرووفی، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١، محەممەد فەرەجی ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ و کامران سوڵتانی ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران و تاکوو ئێستا بە بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتی لەم زیندانەدان.