زیندانی قزڵحساری کەرەج؛ ڕاگواستنی داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی عەقیدەتیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی

14:25 - 6 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سیشەممە، ٥ی بەفرانبار، داوود عەبدوڵڵاهی، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی خەڵكی مەهاباد، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵحساری کەرەج کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم زیندانییە عەقیدەتییە، پاش ڕاگوێزران بۆ ژووری تاکەکەسی، مەترسیی لەسێدارەدرانی زیاتر بووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی بە مەبەستی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان، سەردانی زندانی قزڵحساری کەرەجیان کردووە.

پاش ١٤ ساڵ زیندان، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو کەس بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی کە دۆسییەکەیان لەگەڵ داوود عەبدوڵڵاهی هاوبەش بوو، لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەز لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، جێبەجێ کرا.

داوود عەبدوڵڵاهی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لەگەڵ شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەنوەر خزری، ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت، خەڵكی سەقز و مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە کوردە، پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کران و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کران.

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧، ئەم ٧ زیندانییە، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض" و تاوانە پێوەندیدارەکان بە ئەمنییەتی نەتەوەیی بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و سەرەڕای پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە، ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمە دەرکراوەکان دژی ئەم ٧ کەسەی پشتڕاست کردەوە و لە خەرمانانی ١٣٩٩دا، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵاتدا داواکارییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەت کردەوە.

ئەم ٧ زیندانییە، گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش داخرانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار کران.