مەهاباد؛ دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی، خۆپیشاندەرێک کە چاوی چەپی لەدەست داوە و ٢٠ خۆپیشاندەری لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا بینیوە کە هەموویان چاویان بریندار بووە

04:13 - 21 سەرماوەز 2723

ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چاویان بریندار بووە، گرووپێکی گەورە لە بریندارانی ئەم بزووتنەوەیەن کە زۆربوونی ڕێژەکەیان نیشان دەدات کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەئەنقەست تەقەیان لە سەر و دەموچاویان کردووە.

ئەگەرچی بە هۆی کەشی توندی ئەمنییەتییەوە ئامارێکی ورد و دروست لەو خۆپیشاندەرانە کە چاویان بریندار بووە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاو لەم کەسانەوە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە تەقە لە چاویان کراوە، و ئەوەی کە خودی ئەم بریندارانە چاویان بە ژمارەیەکی تر لە برینداران لە نەخۆشخانەکاندا کەتووە؛ هەروەها هەرکام لە شاهیدەکانیش لە گێڕانەوەکانی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئاگاداری دۆخی بریندارانی دیکەن؛ بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە چاویان بریندار بووە، زۆرە. لەلایەکی دیکەوە سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١یش دەیان پزیشکی پسپۆڕی چاو لە ئێراندا بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک سەبارەت بە کەڵکوەرگرتن لە فیشەکی ساچمەیی و پینێت باڵ بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران و لەدەستدانی بیناییان هۆشدارییان دا.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە لە وتووێژ لەگەڵ دیاکۆ (سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پەرژاوەتە سەر شێوەی برینداربوونی ناوبراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا. چاوی چەپی دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی ٨٠ لەسەدی بینایی خۆی لەدەست داوە و بە هۆی برینداربوونی چاوی، ئەگەری گەڕانەوەی بینایی بۆ چاوی سیفرە.

شێوەی برینداربوونی دیاکۆ (سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد لە شەقامی "مەنبەع"؛

دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی سەبارەت بە بەشداریی خۆی لە ناڕەزایەتییەکاندا و تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکان بە کوردپای وت؛ شەوی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، کاتێک کە خەریک بوو تاریکی دابێت، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی مەهاباد بە کۆبوونەوە لە شەقامی "مەنبەع"، بە شێوەی هێمنانە پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕاگەیاند، بەڵام پاش ٢٠ خولەک نزیکەی ٨٠ هەتا ١٠٠ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کە لە سێ گرووپی (هێزە خۆجێیەکان کە چەکی کڵاشینکۆفیان پێ بوو، هێزە ئینتیزامییەکان و هێزی تایبەت کە چەکی ساچمەییان پێ بوو و کڵاو کاسکێتیان لەسەر بوو)، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیان تووشی توندوتیژی کرد و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد. دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی یەکێک لە خۆپیشاندەران بوو کە لەم شەوەدا کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان و چاوی چەپی بەتوندی بریندار بوو.

چارەسەرکردنی دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی لەلایەن خەڵکەوە و پێشگرتن لە ڕۆیشتنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی مەهاباد لە ترسی دەسبەسەرکرانی؛

دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی، لەمبارەوە بە کوردپای وت؛ پاش برینداربوونی چاوم، خەڵک لە شەقامی "مەنبەع"ەوە بۆ شوێنێکی ئەمنیان ڕاگواستم، بەڵام لە ترسی دەسبەسەرکران لە ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی مەهاباد خۆم بوارد. هەر بەم هۆیەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ خۆم شاردەوە و هاوڕێیان و ئاشناکان هەوڵی چارەسەرکردنیان دام تا ئەوەی کە بە یارمەتی و ڕێنوێنیی یەکێک لە براکانم کە لە دەرەوەی وڵات دەژیت، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز کرام.

لەدەستدانی ٨٠ لەسەدی بینایی چاوی چەپی دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی تا بینینی ٢٠ خۆپیشاندەر لە ژوورێکی نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێزدا کە چاویان بریندار بووە؛

دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاری و وەرگیران لەم نەخۆشخانەیە، نەشتەرگەریی چاوی بۆ دەکرێت بەڵام بە هۆی توندی برینەکەیەوە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، نزیکەی ٨٠ لەسەدی بینایی چاوی خۆی لەدەست دەدات.  بەو هۆیەشەوە کە بەشێک لە چاوی تووشی پچڕان بووە، ئەگەری گەڕانەوەی بینایی بۆ چاوی، نزیک بە سیفرە.

دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی سەبارەت بە نەشتەرگەری و برینداربوونی چاوی چەپی خۆی بە کوردپای وت؛ لە ئاکامی نەشتەرگەرییەکەدا، چاوی چەپم ١٨ تەقەڵی خواردووە، چونکە جیا لە برینداربوونی چاوم بە فیشەکی ساچمەیی، بە هۆی شکانی چاویلکەکەم، بەشێک لە شووشوکەی چووەتە نێو چاومەوە.

دیاکۆ ئاکوش ئاڵبلاغی، سەبارەت بەو شتانەی کە لە کاتی مانەوەی لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێزدا بینیویەتی و هەروەها ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکەدا چاویان بریندار بووە و لە ژوورێکی ئەم نەخۆشخانەیەدا بوون دەڵێ؛ لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا کە لە نەخۆشخانەی "نیکووکاری" خەوێندرابووم، هەر لەو ژوورەدا کە منی لێ بووم، نزیکەی ٢٠ کەس کە خۆپیشاندەرانی خەڵکی "کرماشان، سەقز و مەهاباد"م بینی کە ئەوانیش لە خۆپیشاندانەکاندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت چاویان بریندار ببوو. یەکێک لە بریندارەکان خەڵکی مەهاباد بوو کە هەر دوو چاوی بەتوندی بریندار ببوون.

دوو جار بانگهێشتکرانی دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد هاوکات لەگەڵ توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن؛

بە سەرنجدان بەوەی کە بریندارەکان پاش ئاشکرابوونی شوناسیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، دەکەوتنە ژێر گوشاری توندی ئەم ناوەندانەوە، دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغیش لەم ڕەوتە بێبەری نەبوو. بانگهێشت و لێدان لەلایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە، هەڕەشەی کوشتن و نکۆڵیکردن لە برینداربوونی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت، تەنیا بەشێک لە گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە بووە.

دیاکۆ ئاکوش ئاڵبڵاغی، لە درێژەدا وتی: پاش گەڕانەوەم لە نەخۆشخانە بۆ ماڵەوە، ئیتلاعاتی مەهاباد لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ باوکم، خوازیاری ناساندنی من بەم ناوەندە ئەمنییەتییە بوو؛ پێوەندییەکان و گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خۆشم درێژەیان هەبوو؛ بەم هۆیەوە ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، خۆم بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ناساند.

دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی لەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا، بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر لێپرسینەوەی توندوتیژی لەگەڵ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە، ناوبراو لەمبارەوە دەڵێ؛ لەم ماوەیەدا سەرەتا یەکێک لە لێپرسەکان سەبارەت بە هۆکاری برینداربوونم پرسیاری لێ کردم، دواتر چاوبەندێکی پێدام و لێپرسی دووهەم هاوکات لەگەڵ هاتنەژوورەوە، دەستی بە لێدانم کرد. لێپرسی دووهەم سەرەڕای لێدانم بە شەق و مست، هەڕەشەی لە بنەماڵەکەم دەکرد و دەیگوت تەنیا ڕێگای ڕزگاری "مەرگ"ـە و "تۆ لە دەستی ئێمە بە زیندوویی ڕزگارت نابێ".

لێپرسەکان بە لێدان، هەڕەشەی کوشتن و گوشار بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی، ناوبراویان ناچار کرد تاکوو نکۆڵی کە برینداربوونی خۆی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان بکات و دوای نزیک بە ٥ کاتژمێر لێپرسینەوەی توندوتیژ، ئازادیان کرد.

بانگهێشتی دووبارەی ئەم خۆپیشاندەرە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەردەوام دەبێ و دیسانەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەهاباد دەکرێ. ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە بانگهێشتی دووهەم جاری خۆی بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد دەڵێ؛ پێش بانگهێشتکردم بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد، ماشینێکی سەمەند بە ژمارە پلاکی ١٧ی ورمێ و پژۆ ٤٠٥ێک، لە شەقامدا بەدوامدا دەهاتن. کاتێک کە بۆ جاری دووهەم لە ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا، بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەهاباد کرام، بناماڵەکەمم ئاگادار نەکردەوە. لەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا پاش ٢٠ خولەک لێپرسینەوە و لێدان و ترساندن، ئازادیان کردم.

گوشار و هەڕەشە بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران کرد؛

دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی، سەرەڕای دوو جار بانگهێشتکران و لێپرسینەوەی توندوتیژ لەلایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە؛ بە شێوەی بەردەوام لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بوو و تەنانەت نەیدەتوانی لە شاری مەهابادیش بچێتە دەرەوە.

دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی لەمبارەوە وتی ئەو کاتانەی کە لە شاری مەهاباد دەچوومە دەرەوە، لە ترسی دەسبەسەرکرانم لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بنەماڵەکەمم ئاگادار دەکردەوە. لە ئاکامدا بە هۆی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و نەبوونی ئەمنییەتی گیانی ناچار بووم لە زێندی خۆم (مەهاباد) بچمە دەرەوە و پەنا بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببەم.

دیاکۆ(سمکۆ) ئاکوش ئاڵبڵاغی، ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بە شێوەی نهێنی دەژیت و چاوی چەپی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بریندارانی ناڕازی، ڕەوتێکی توندوتیژانە لە درێژەی سەرکوتە. کۆماری ئیسلامی بە دەسبەسەرکردن، بانگهێشت و هەڕەشەی بەردەوام، پاش ناسینی برینداران، دەیانخاتە ژێر گوشاری توندەوە.

شایەتحاڵان لەمبارەوە بە کوردپا دەڵێن؛ پاش سەرکوتی توندی ناڕازییان و تەقەی ڕاستەوخۆ و لە زۆر حاڵەتیشدا لە نزیکەوە کە برینداربوون و لەدەستدانی ئەندامانی جەستەیانی بە دواوە بووە، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ناسینی برینداران، بە مەبەستی دەسبەسەرکردنیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵاکانیان. چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە برینداران کە بە نهێنی دەژین، نادیارە. کۆماری ئیسلامی بە بریندارکردنی ناڕازییان، واز لە ئازاردانیان ناهێنێ و هەوڵ بۆ دەسبەسەرکردن و زیندانیکردنیان دەدات. چیرۆکی هەموو بریندارانیش کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات و بنەماڵەکانیان دەبن، وەکوو یەکە.

ئامادەکردن؛ ستار ئیبراهیمی