حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانی لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا

19:04 - 15 سەرماوەز 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی سەرماوەز، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "سیرووس حەیدەری" و "خالید ڕۆحی"، خەڵکی سنە، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی سەرماوەز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ناوەندیی سنە کرابوون.

سیرووس حەیدەری، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی سنە، ساڵی ١٣٩٠ بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

خالید ڕۆحی، خەڵکی ناوچەی چەم سۆ، سەر بە شاری سنە، نزیک چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.