ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی شێرکۆ حیجازی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز، درێژ کرایەوە

01:21 - 28 خەزەڵوەر 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی شێرکۆ حیجازی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی لێژنەی فووتباڵی سەقز کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە، بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شێرکۆ حیجازی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا کەوتووەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، شێرکۆ حیجازی، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی لێژنەی فووتباڵی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی شێرکۆ حیجازی لەبەر دەستدا نییە.