هەولێر؛ سۆهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسی، کرایە ئامانجی هێرشێکی تێرۆریستی

01:36 - 26 خەزەڵوەر 2723

ئێوارەی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، سۆهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسیی خەڵکی بۆکان و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، کرایە ئامانجی هێرشێکی تێرۆریستی و بەتوندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم پارێزەرە بە دەمانچەیەک کە ئامێری بێدەنگکردنی لەسەر بووە، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کراوە.

سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەری دۆسییەی تێرۆری چالاکانی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە دۆسییەی تێرۆری قادر قادری، لە کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و چەندین جاریش بە هۆی وەرگرتنی ئەم دۆسییەیە، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەڕەشەی لێ کراوە.

کوردپا بەدواداچوون بۆ دەستخستنی وردەکاری زیاتر دەکات.