پیرانشار؛ موحسن قادری بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

00:53 - 10 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "موحسن (مستەفا) قادری"، تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی تاهیر، خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

بانەمەڕی ئەمساڵ، موحسن (مستەفا) قادری لەلایەن لقی ١٠٢ ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، موحسن قادری، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.