شکاندنی وێنەی پارێزەرانی ژینگە و لۆگۆی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان

17:23 - 30 رەزبەر 2723

بەپێی ئەو وێنانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون، شیشەی وێنەی شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی کە گیانلەدەستداوانی پارێزەری ژینگە و لۆگۆی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە شکێندراون.

ئەم کردەوەیە لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی ژینگەپارێزی، بەتایبەت دوابەدوای چالاکیی بەربڵاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە مانگەکانی ڕابردوودا بووە کە لە درێژەی ناکارامەیی حکوومەتدا هاتە ئاراوە. چەندین سەرچاوە بە کوردپایان ڕاگەیاند کە دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکییان لە ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی مەریواندا هەبووە.

گوشار بۆ سەر چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنیا لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢دا، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەسبەسەر کران و مادح خۆشنەواز ئێستاش دەسبەسەرە.

ڕۆژی شەممە، ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧، چوار چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی"، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "پێڵە و سەڵەسی"، لەم شارە گیانیان لەدەست دا.