بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز
مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانی هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی سەقزدا تێدەپەڕێ.
پێشتر ئەم چالاکە مەدەنییە، نەشتەرگەریی پشتی کردووە و ئێستا لە دابڕگەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەدا، لە شوێنێکی نەگونجاودا ڕاگیراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بیانووی ڕادەستکردنی کەرەستەی قوتابییان "نوشتافزاری"، بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕژانە ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کراوە و دادگا قەراری یەک مانگەی دەسبەسەرکرانی کاتیی بۆ دەر کربوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە بیاڤی منداڵان، ژنان و یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە پێداویستیی تایبەتییەیان هەیە، چالاکی دەکات.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.