بابەک کەریمی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە بە زیندان مەحکووم کرا

23:04 - 28 خەرمانان 2723

بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە بە ٤ ساڵ و ٩ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمێک کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە دەر کراوە، بابەک کەریمی، بە  تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، بەرزترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێ.

خەرمانانی ئەمساڵ، بابەک کەریمی بە تۆمەتی "بێڕێزی بە مەئمووری حکوومەت" و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەیوانغەرب کرا و چاوەڕێ حوکمی دادگایە.

پێشتر، بابەک کەریمی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە، بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم خۆپیشاندەرە بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ زیندان و "بێڕیزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٢ سال زیندان مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم خۆپیشاندەرە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چووبوو.

بابەک کەریمی ڕۆژی ٣٠ ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەیوانغەرب، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەنیی ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.