۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخێڵ و تەرگاران لە شاری پاوە لە دواینیوەڕۆی یەکشەممە ۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵ەوە دەستی پێکردووە و بۆ دووەم ڕۆژی بەردەوام درێژەی هەیە. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە ئێوارەی یەکشەممە بە هەوڵی هێزە جەماوەرییەکان و ژینگەپارێزان تا ڕادەیەکی زۆر کوژێنراوەوە، بەڵام دووبارە پەرەی سەندووەتەوە و هێشتا بەردەوامە. لە کاتژمێرەکانی ڕابردووشدا تیمێک لە چالاکوانانی ژینگەیی ئەنجومەنی «ژیوای پاوە» بۆ بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتوون.
بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگەی شاری پاوەش لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنە حکوومییەکان باسی لە بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە پۆششی گیایی ناوچەکە، هەڵکردنی با و سەختبوونی ڕێگەکان بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و کوژاندنەوەی پێویستی بە ئامادەیی بەردەوامی هێزەکان هەیە. ناوبراو «بروسکە»ی وەک هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ناو بردووە و زیادی کردووە کە هەوڵی هێزە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان، ئەنجومەنە ژینگەیییەکان و هێزە جەماوەرییەکان بۆ کۆنتڕؤڵکردنی ئاگرەکە درێژەی هەیە.
ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخێڵ بە ڕووبەری نزیکەی ۲۵ هەزار هێکتار، لە ساڵی ۱۳۷۸ەوە وەک ناوچەی پارێزراو پلەی بەرز کراوەتەوە و لە ناوچە سروشتییە بەنرخەکانی پارێزگای کرماشان ئەژمار دەکرێت. ئەم ناوچەیە بە هەبوونی هەمەجۆری و دەوڵەمەندیی پۆششی ڕووەکی، جۆرەکانی وەک داری قەزوان، بادامی کێوی، زەیتوونی کێوی، هەڵووژەی کێوی، مۆرد و خەرزەهرەی لەخۆ گرتووە و یەکێک لە ژینگەی گرنگەکانی شووکا (ئاسکی شووکا)ش بەئەژمار دێت؛ لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی هەمەجۆریی ژینگەییی ناوچەکەدا هەیە.





