۱۰ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ «هانا ڕەکان»، کچە مێرمنداڵی تەمەن ۱۶ ساڵان، کە لە منداڵییەوە لەژێر توندوتیژی و ئازاری بەردەوامی باوکیدا بووە و لە درێژەدان بە خوێندنیش بێبەش کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەکاتێکدا لە خەودا بوو، بە تەقەی گولـلەی دەمانچە لە پشتی سەری، لەلایەن باوکیەوە کوژرا. «موجتەبا ڕەکان» دوای کوشتنی کچەکەی، بە هاوسەرەکەی وتووە: «کوشتم، بچۆ تەرمەکەی کۆ بکەوە». سەرەڕای ڕوودانی ئەم تاوانە، باوکی هانا تا ئێستا دەسبەسەر نەکراوە و تەنانەت لە شەوی یەکەمدا ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی کچەکەشی تێکداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە وردەکاریی کوژرانی ئەم مێرمنداڵە ۱۶ ساڵانە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئێوارەی هەینی ۶ی خەرمانانی ١٤٠٥، هانا دوای ئەوەی لەلایەن باوکییەوە بەتوندی درابووە بەر لێدان و هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، خەوتبوو. باوکی دوای ئەوە، لەکاتێکدا کە هانا لە خەودا بوو، بە چەکی دەمانچە گولـلەیەکی ناوە بە پشتی سەرییەوە و کوشتوویەتی. ئەم کچ کوژییە لە گەڕەکی «دەوڵەت ئاوا»ی کرماشان لە «مەسکەن مێهر» ڕووی داوە و تا ئێستا باوکی ئەم مێرمنداڵە دەسبەسەر نەکراوە و هەڵاتووە.
بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، هانا خوازبێنیکەرێکی هەبووە کە خۆی لەم بابەته ئاگادار نەبووە و ئەم بابەتە لە نێوان خزمانی خێزانەکەدا باس کراوە. دوای ئەوەی باوکی هانا لە هێنانە بەرباسی بابەتی خوازبێنییەکە ئاگادار دەبێتەوە، بەتوندی دەیداتە بەر لێدان و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات. باوکی دوای هەڕەشە و لێدان لە هانا لە ماڵ دەچێتە دەرەوە. هانا کە زانیویەتی باوکی چەکی پێیە و لە هەڕەشەکەی ترسابوو، بەو هیوایەی تووڕەیی باوکی هێور بێتەوە، دەخەوێت و پێی وابوو ئەگەر بخەوێت، باوکی بەزەییی پێدا دێتەوە و بە لێدانێک کۆتایی بە بابەتەکە دێت؛ بەڵام کاتێک باوکی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەکاتێکدا هانا لە خەودا بوو، تەقەی لێدەکات و کچەکەی دەکوژێت.
بەوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، باوکی هانا بە «ئاگاداریی تەواو و دوای هەڕەشەی کوشتن لە کچەکەی»، ئەوی کوشتووە و دوای کوشتنی هانا، لە نهۆمی سەرەوە چووەتە خوارەوە بۆ لای هاوسەرەکەی و وتوویەتی: «بڕۆ تەرمی کچەکەت کۆ بکەوە، کوشتم».
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی کە باوکی هانا تەنانەت دوای کوشتنەکەش ڕێگەی نەدەدا ڕێوڕەسمی ناشتن بەڕێوە بچێت و کاتێک خەڵک و نزیکەکانی ڕێوڕەسمیان بۆ گێڕا، ڕێوڕەسمی شەوی یەکەمی بە هاوکاریی چەند کەسێکی تر تێکداوە و هەڕەشەی کردووە: «ئەگەر کەسێک ڕێوڕەسمی بۆ بگرێت، دەیکوژم.» بەم حاڵەشەوە، ڕۆژی دواتر کەس لەم هەڕەشانە نەترسا و هانا نێژرا و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ گرت.
ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ژیانی هانا و مێژووی توندوتیژی و بێبەشبوون و بێپەنابوونی ئەو وتی: هانا لە منداڵییەوە لەژێر توندوتیژیی باوکیدا بووە و باوکی لە پۆلی چوارەمی سەرەتایییەوە ڕێگەی لە درێژەدان بە خوێندنی گرتووە و ڕێگەی نەداوە بچێتە قوتابخانە. ئەو تەنانەت ڕێگەی نەداوە مۆبایلیشی پێ بێت و پێداویستییە سەرەتاییەکانی هانا لەلایەن دایکییەوە دابین دەکرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هانا بێتاوان بووە و چەندین جار لەلایەن باوکییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی، لێدان و ئازار بووەتەوە.
هانا تاقە کچی خێزانەکە بوو و برایەکی سێ ساڵانی هەیە. دایکیشی لەژێر توندوتیژیی باوکی خێزانەکەدا بووە و چەندین جار وتوویەتی کە تەنیا لەبەر منداڵەکانی لەلای هاوسەرەکەی ماوەتەوە. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، باوکی خێزانەکە چەندین جار دایکی هانای لەبەرچاوی منداڵەکان و کەسانی تردا داوەتە بەر لێدان.
تەرمی هانا ڕەکان، کچە مێرمنداڵی ۱۶ ساڵان، لە گۆڕستانی ڕووباری «نیلاوەرە» لە کرماشان بە خاک سپێردراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەمیدیاییکردنی ئەم دۆسییەیە وتی: «ئێمە دەمانەوێت میدیایی بێتەوە و خوێنی ئەم کچە بێتاوانە بەفیڕۆ نەچێت.»
یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چۆنیەتیی دروستکردنی پارێزبەندیی یاسایی بۆ ژنکوژی و کچ کوژی؛
لە یاسای سزای ئیسلامیی ئێراندا، بڕگەکانی وەک بڕگەی ۳۰۱ (جیاکردنەوەی باوک و باپیر) و بڕگەی ۶۱۲ (سنووردارکردنی سزای یاسایی بۆ چەند ساڵ زیندانیکردن)، پێکهاتەیەکیان دروست کردووە کە لە کردوەدا پارێزبەندیی دادوەری بۆ بکوژ دروست دەکات. ئەم یاسانە بە هەرزانکردنی گیانی ژنان لە خێزاندا و داماڵینی بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی سزایی، پەیامی سزا نەدان دەنێرن و پێش ڕوودانی تاوانەکە، تووڕەیی پیاوسالارانە دژ بە کچان ڕێگەپێدراو و بێئاکام دەکەن. ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم مۆڵەتە یاسایییە ناڕاستەوخۆیە دەکرێت لە دوو تەوەردا تاوتوێ بکرێن:
۱. چۆنیەتیی کارکردی یاساکان وەک مۆڵەتی کوشتن؛ ئەم پێکهاتەیە لە ڕێگەی فەرمیکردنی دەسەڵاتی ڕەهای باوک، دیاریکردنی وڵامی دادوەریی زۆر کەم و هێمایین، و دروستکردنی دەسەڵاتی بێوێنە بۆ بەرپرسی زۆرەملێ کار دەکات. نەبوونی سیستمێکی دادوەریی سەربەخۆ کە بێ بەستراوەبوون بە دایک و باوک (کەسوکار)، سەندنی ژیان لە مرۆڤێک بە تاوانکاریی ڕەها دابنێت، بووەتە هۆی ئەوەی تاوانبار لە یەک کاتدا پێگەی داواکار و لێبوردەکاری هەبێت. هەروەها نادادپەروەریی یاساکان لە نێوان ژن و پیاودا نیشان دەدات کە ئامانجی ئەم پێکهاتەیە، پاراستنی قۆرخکاریی دەسەڵاتی پیاوسالارانەیە.
۲. نیشانەناسیی حقوقی و کۆمەڵایەتی؛ لە ڕوانگەی یاسایی و کۆمەڵناسییەوە، ئەم یاسانە بەڵگەی بەدامەزراوەییکردنی خاوەندارێتی لەسەر گیان و جەستەی ژنان، جیاکاریی ڕەگەزیی ساختاری، و توندوتیژیی دەسەڵاتدارین لە ڕێگەی نەبوونی پشتیوانی لە قوربانییان لە بەرانبەر توندوتیژیی خێزانیدایە. ئەم مادە یاسایییانە مافی بنەڕەتیی ژیانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی ئیرادەی کەسێکی ترەوە و بە ڕوونی بە بەڵگەی پێشێلکردنی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی مافەکانی منداڵ ئەژمار دەکرێن.





