۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاوایی «سەردۆش»ی سەر بە مەریوان بە ناوەکانی «ئازاد نەورۆزی»، «زانیار توانا»، «پوویا کاکەمحەممەدی»، «زانیار قادری» و «شێرزاد عەبدی»، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بە چەندین ئۆتۆمبێل بۆ سەر ئەم ئاواییە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵، دەوروبەری کاتژمێر ۵ی بەیانی، هێزە ئەمنییەکان بە چەندین ئۆتۆمبێلی هەڵگری هێزە چەکدارەکانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی «سەردۆش»ی سەر بە مەریوان و ئەم پێنج هاووڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییانەیان بە بیانووی «دابینکردنی بژێوی ژیان لە ناوچەکانی نزیک لە سنوور» دەسبەسەر کردووە. بەم حاڵەشەوە، هێزە ئەمنییەکان تا ئیستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و هیچ تۆمەتێکی دیاریکراویشیان دژیان ڕانەگەیاندووە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئەم پێنج هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.