۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ «شێرکۆ مام ئاغا»، وێنەگری بۆکانی، لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی وێنەگریی ۲۰۲۶ IPA  لە ئەمریکا، بە بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی جیهانی بۆ بەرهەمی «دەفژەنینی گوندی پاڵنگان» و وەرگرتنی سێ ڕێزلێنان بۆ بەرهەمەکانی لە بەشەکانی «هونەرە جوانەکان»، «خەڵک – منداڵان» و «خەڵک – شێوازی ژیان»، توانیی  چوار ناونیشانپلە لەم پێشبڕکێیانەدا بەدەست بێنێت.

لە خولی ئەمساڵی پێشبڕکێکاندا، ۱۴ هەزار وێنە لە وێنەگرانی ۱۳۹ وڵاتەوە بەشدارییان کردبوو. مام ئاغاش بە ۲۰ بەرهەمەوە بەشداریی لەم پێشبڕکێیانەدا کردبوو کە شەش بەرهەمی گەیشتنە قۆناغی کۆتایی و لە ئەنجامدا، چوار بەرهەمی سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی جیهانی و سێ ڕێزلێنان؛

بەرهەمی «The Tambourine-Playing Ceremony of the People of Pal Village» بە بابەتی ڕێوڕەسمی دەفژەنینی خەڵکی گوندی پاڵنگان، پلەی سێیەمی جیهانیی بەشی «ڕووداوەکان، نەریتەکان و کلتوورەکان»ی بەدەست هێنا.

بەرهەمی «Smoke of History in a Beam of Silence» بە بابەتی «دووکەڵی مێژوو لە تیشکی بێدەنگیدا»، لە بەشی «پۆرترێتی هونەری»دا رێزلێنانی پێ بەخشرا.

بەرهەمی «The Flight of Dreams of Nomadic Children in the Mountains» بە بابەتی فڕینی خەونەکانی منداڵانی کۆچەری لە کوێستاندا، لە بەشی «خەڵک – منداڵان» ڕێزی  لێ گیرا و ڕێزلێنانی ئەم پێشبڕکێیانەی وەرگرت.

بەرهەمی «Friends of Nature» بە بابەتی شێوازی ژیان و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا، لە بەشی «خەڵک – شێوازی ژیان»دا ڕێزلێنانی وەرگرت.

«شێرکۆ مام ئاغا»، وێنەگری بۆکانی، خەڵکی گوندی «ڕەحیم‌خان»ی سەر بە بەشی سیمینەی ئەم شارەیە و لەدایکبووی ساڵی ۱۳۶۱ی هەتاوییە. ناوبراو پێشتریش لە پێشبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وێنەگری لە وڵاتانی جیاواز لەوانە فەرانسە، ئەمریکا، کانادا، چین، تورکیەا و قرقیزستاندا ناونیشان، میەداڵی زیو و ڕێزلێنانی وەرگرتووە و زیاتر لە ۶۰ بەرهەمی هەڵبژێردراوی لە کارنامەی خۆیدا هەیە.

 

International Photography Awards (IPA) یەکێکە لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییە ناسراوەکانی وێنەگری کە لە ساڵی ۲۰۰۳وە بەڕێوەدەچێت و وێنەگرانی وڵاتانی جیاواز بەشداریی تێدا دەکەن. بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم پێشبڕکێیە لە قالب و شێوەی پەڕتووک و پێشانگە نێودەوڵەتییەکاندا دەناسێندرێن. سەرکەوتنی بەرهەمە بەڵگەنامەیییەکان (دۆکیۆمێنتاری) لە پێشبڕکێیەکی ئاوادا، سەرەڕای بەهای پیشەیی، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی کلتوور، ناسنامە، ڕێوڕەسم و شێوازی ژیانی ناوچەیەک بۆ بینەرانی جیهانی و تۆمارکردنی بەشێک لە بیرەوەریی کلتووریی ئەو ناوچەیە.