٦ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ بەپێی ئاماری تۆمارکراو و پشتڕاستکراو لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لە ٢ی گەلاوێژ تا ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، لانیکەم ٦٢ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون. ئەم دەسبەسەرکردنانە لە چوارچێوەی شەپۆلێکی دەسبەسەرکردن لە ١٥ شاردا ئەنجام دراون و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی و لە ڕێگەی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵ یان شوێنی کاری هاووڵاتییان بووە. زۆربەی دەسبەسەرکراوان دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە، ژمارەیەکی کەمیان ئازاد کراون و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ژمارەیەکی دیکەیان هێشتا زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە سەرنجدان بە سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەبوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆ، کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارە هەموو حاڵەتەکانی دەسبەسەرکردن لەم ماوەیەدا ناگرێتەوە، بەڵکوو تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کوردپاوە تۆمار و پشتڕاست کراونەتەوە و ڕەينگە ژمارەی ڕاستەقینەی دەسبەسەرکراوان زیاتر لەمە بێت.
دەربڕینی گشتیی ئامار؛
لە سەرجەم ٦٢ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو، زۆربەی دەسبەسەرکردنەکان بەپێی ڕیزبەند لە شارەکانی: بۆکان ٩ کەس، مەهاباد ٨ کەس، مەریوان ٧ کەس، پیرانشار ٦ کەس، ئیلام ٦ کەس، میاندواو ٥ کەس، شنۆ ٥ کەس، ورمێ ٤ کەس، کامێران ٤ کەس، دیواندەرە ٣ کەس، سنە ٢ کەس، نەغەدە ١ کەس، تیێکاب ١ کەس و کۆتۆل ١ کەس تۆمار کراون.
لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، ٥ ژن و ٢ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵیش بوونیان هەبووە.
هەروەها لە نێوان ئەم کەسانەدا، ٥ بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ٤ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، ٤ ئەندامی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ئێران، ٢ گۆرانیبێژ و هونەرمەند، خوێندکارێکی بواری یاسا، ئەندامێکی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بەفرانبار، ئەندامێکی ئەنجومەنەکانی شار، چالاکێکی میدیایی و ئەندامانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بوونیان هەبووە.
لە دوو حاڵەتی جیاوازدا، دامودەزگا ئەمنییەکان لە میاندواو (ئاوایی گامێش گۆلی) و بۆکان، دەستیان کردووە بە دەسبەسەرکردنی دایک و بابەکان بە ئامانجی ناچارکردنی منداڵەکانیان بۆ خۆناساندن. لە میاندواو، لوقمان قوربانی و لە بۆکان، باوکی محەممەد حوسێنپوور دەسبەسەر کران تا منداڵەکانیان، زاهیر قوربانی و محەممەد حوسێنپوور، ناچار بە خۆناساندن ببن.
لە چەندین حاڵەتیشدا دامودەزگا ئەمنییەکان بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەسبەسەر کردووە. لەوانە دەکرێ ئاماژە بە ئەمیر سلێمانی (برای حیسام سلێمانی)، نازەنین حوسێنپوور ، کچی یەکێک لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، ئیبراهیم ڕەسووڵی برازای چالاکێکی سیاسیی دەرەوەی وڵات و داریووش ڕەحیمی لە سنە خاڵی هەڵۆ بەرمشتی بکرێت.
لە هەندێک حاڵەتیشدا هاووڵاتییان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەسبەسەر کراون. ماهان سەیفی، خەڵکی دەرەشار/ئیلام، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆری و چالاکی لە ئینستاگرام لە ناڕەزایەتی بە گرانی، و بەهمەن مۆدیرزادە، خەڵکی کۆتۆل، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆری «نا بۆ سێدارە» لە ناڕەزایەتی بە سزاکانی سێدارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، نازەنین حوسێنپوور، ژنێکی ٣٤ ساڵانی خەڵکی شیناوێی پیرانشار کەو دایکی دوو منداڵی بچووکە و سەرپەرستی سەرەکیی بنەماڵەکەی بووە و بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی هاوسەرە تووشبووەکەی بە شێرپەنجەی لەسەر شان بووە. بەم حاڵەشەوە، دوای دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ۱۰ ڕۆژەی بۆ دەرچووە و لە دۆخی ناڕوونیی ڕەهادا، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەبێ مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگێراوە.
وەردەکاریی زیاتری دەسبەسەرکراوان بەپێی شارەکان؛
بۆکان؛ ٩ هاووڵاتی لە ماوەی حەوت ڕۆژدا: ئومید چاوباز، سدیق کەریمی، هادی بایزیدی، پێشەوا چەمەنی، ئیسماعیل بادسار، زەکەریا بادسار، هێمن مەنیجە، حوسێن یووسفی و حوسێن یوونسی.
مەهاباد؛ ٨ هاووڵاتی لە ماوەی ٨ ڕۆژدا: میلاد مروەتی، شیرزاد پایانیانی، ئەمیر سلێمانی، ئاوات نوری، فەرزین خەدیریپوور، کەریم ڕەسووڵی، محەممەد وەتمانی و شیرین مەسعوودی.
مەریوان؛ ٧ هاووڵاتی لە یەک ڕۆژدا: لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، زانیار ئەسوار، ئاریا مەعرووفی، پشتیوان تاتار، سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەروازە و سارۆ ڕەوشەنی لە کاتی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ئاوایی نێ لە مەریوان و شاخەوان خاوەری لە شارۆچکەی مەریوان دەسبەسەر کران.
پیرانشار؛ ٦ هاووڵاتی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا: لە نێوان ٢٣ تا ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥: ئیبراهیم ڕەسووڵی، نازەنین حوسێنپوور، ئەیووب حەمزە، سۆران مەحموودی، محەممەد دانشمایە و لوقمان سەیدە.
ئیلام؛ ٦ هاووڵاتی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا: لە نێوان ١٨ تا ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥: ماهان سەیفی، ئاریەن تەروەند، ئەمین ناسری، یوونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕوحوڵڵا غوڵامی.
میاندواو؛ ٥ هاووڵاتی لە ماوەی چوار ڕۆژدا: نیما ڕەسوڵزادە، شوانە دیوازی، محەممەد حاجیزادە، لوقمان قوربانی و زاهیر قوربانی.
شنۆ؛ ٥ هاووڵاتی لە ماوەی چوار ڕۆژدا: لە نێوان ٢٣ تا ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ پێنج هاووڵاتی لە شنۆ دەسبەسەر کران. مەسعوود ئالانی، هادی خزری، سەعدوون داستان، ڕەحمان ئازەرخەش و مەولوود ڕووستا لە دەسبەسەرکراوانن.
ورمێ؛ ٤ ئەندامی بنەماڵەیەک لە یەک ڕۆژدا: لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ لە ئاوایی «کەچەڵە»: شەعبان ئەحمەدوەش، ئیبراهیم ئەحمەدوەش، بەفرین ئەحمەدوەش و عەیوەاز بەهنەموون چوار ئەندامی ئەم بنەماڵەیەن کە دەسبەسەر کراون.
دیواندەرە؛ ٣ ئەندامی بنەماڵەیەک لە یەک ڕۆژدا: لە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە دیواندەرە دەسبەسەر کران. مریەم مورادیان، سیروان حەمیدی و کوردیا حەمیدی سێ ئەندامی ئەم بنەماڵەیەن.
کامێران؛ ٤ هاووڵاتی لە ماوەی دوو ڕۆژدا: لە نێوان ١٦ تا ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ چوار هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان دەسبەسەر کران. ئیسماعیل خاتری، فواد شادی، جەماڵ ڕوستەمی و عەبدوڵڵا پەشابادی لە دەسبەسەرکراوانن.
سنە؛ ٢ هاووڵاتی: لە سنە ئاوات کەرمی لە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ و داریوش ڕەحیمی لە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا دەسبەسەر کران.
نەغەدە؛ یەک هاووڵاتی: سەلام (شاهین) ئازەری لە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا لە نەغەدە دەسبەسەر کرا.
تیکاب؛ یەک هاووڵاتی: عابد عەلیزادە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا لە تیکاب دەسبەسەر کرا.
کۆتۆل؛ یەک هاووڵاتی: بەهمەن مۆدیرزادە لە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥دا لە کۆتۆل دەسبەسەر کرا.
توندبوونەوەی سەرکوتی سیستماتیک لە کوردستان؛ ڕۆژانە دوو هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر دەکرێن:
دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوەی ڕۆژانە بەردەوامە؛ بەجۆرێک کە لەو ماوەیەدا کە لێکدانەوەی بۆ کراوە، بە تێکڕا ڕۆژانە لانیکەم دوو هاووڵاتی دەسبەسەر کراون. بەردەوامیی ئەم دەسبەسەرکردنانە بە ژمارەی بەرزی دەسبەسەرکراوان، نیشاندەری ڕەوتێکی بەردەوام، سیستماتیک و نیگەرانکەرە.
هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، دەسبەسەرکردن و گواستنەوەیان بۆ شوێنی نادیار، بەبێ دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەر و بەبێ ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بووەتە کارێکی ئاسایی لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکاندا. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا تەنیا ڕێگە بە پەیوەندییەکی تلفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵە دەدرێت. هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە کاتی هەڵکوتانەکاندا، تا ئەو شوێنەی کە بکرێت، مۆبایلی هاووڵاتییان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان بەبێ بەڵگەی یاسایی زەوت دەکەن.
لە بۆکان کە بەرزترین ژمارەی دەسبەسەرکراوانی بەرکەوتووە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات پێش ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردنە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لەە ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و زیندانییانی سیاسیی پێشوو کردبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد بە توندی شەرمەزار دەکات و جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامبوونی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، کەشوهەوای خنکێنەر و تۆقاندنی توندتر کردووەتەوە و سەرکوتی سیستماتیکی هاووڵاتییان بەردەوام دەکات.





