۹ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۴ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «هادی ڕەبووسە» ناسراو بە «هادی چنارەیی»، چالاکوانی دیاری ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان، و گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ئەو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئیستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی ۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «هادی ڕەبووسە» ناسراو بە «هادی چنارەیی» بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانی، لە پەیوەندییەکی تلفۆنی کورتدا لەگەڵ کەسانی نزیکی خۆی ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هادی ڕەبووسە لە چالاکوانە دیار و جەماوەرییەکانی ژینگەپارێزی لە ناوچەکەدا بەئەژمار دێت و بە هۆی ئامادەیی بەردەوامی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بۆ یارمەتیدان لە کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و چالاکییە ژینگەیییەکان، خۆشەویستییەکی زۆری لە نێوان خەڵکدا هەیە.
هادی ڕەبووسە، تەمەن ۳۶ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی سەرقاڵی کرێکاری بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

-1280x720-1280x720.jpg)
-1280x720-640x360.png)


