ڕۆژی چهارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «مەولوود ڕووستا» کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی «حەسەن نووران»ی سەر بە شنۆ، بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

مەولوود ڕووستا بەرەبەیانیی دووشەممە ٢ی خەرمانانیش بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە ئەگەرییەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕووناکییەکیان لەسەر ئەم بابەتە نەخستووەتە ڕوو. هەروەها ناوبراو تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەبووە و لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک نییە.

بەپێی ئامارە تۆمار و پشتڕاستکراوەکانی کوردپا، لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا، واتە لە ٢ی گەلاوێژ تا ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، کەمترین ٦٢ هاووڵاتیی کورد لە کوردستاندا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون. ئەم دەسبەسەرکردنانە لە چوارچێوەی شەپۆلێکی دەسبەسەرکردندا لە ١٥ شاردا ئەنجام دراون و لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ڕێگەی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵان یان شوێنی کار ئەنجام دراون. زۆرێک لە دەسبەسەرکراوان دوای دەسبەسەرکردن بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە، ژمارەیەکی کەم لەوان ئازاد کراون و لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی کەسانی تریش هێشتا هیچ زانیارییەک نییە.