یەکەمین وێنەی ژینا_مەهسا ئەمینی لە نەخۆشخانە و لە کاتێکدا کە هێشتا هەناسەی دەدا، لەلایەن کوردپاوە بڵاو کرایەوە

15:12 - 24 خەرمانان 2723

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠١دا و لە کاتژمێر یەک و ٢١ خولەکی دوانیوەڕۆدا، کوردپا یەکەمین وێنەی ژینا_مەهسا ئەمینیی لە کاتێکدا کە ئاستی وشیاری ناوبراو ٣ بوو و لەسەر تەختی نەخۆشخانەی کەسرای تاران بوو، بڵاو کردەوە.

ئەم وێنەیە لە ژینا لە درێژەی گێڕانەوەکان لە دەسبەسەرکرانە توندوتیژانەکەی ناوبراو لەلایەن یەکێک لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دژی ژنان، ساتەکانی ژنێک نیشان دەدات کە کراوەتە ئامانجی توندوتیژیی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ساتەوەختگەلێک کە لە درێژەیاندا برینی پیس و چڵکاویی سەرکوتی حکوومەتی، نادادپەروەری و نکۆڵیی سیستماتیکی ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە یەک جاری دەمی کردەوە و هەموو ژنان، ژینایان بە خۆیان زانی و خۆشیان بە ژینا زانی، ئاوەزی کۆمەڵگەش گەیشتە لووتکەی خۆی و ئەم راستییەی نیشان دا کە ئەمە لەنێوبردنی تاکێک لەلایەن سیستمی حاکمەوە بووە؛ ئەمە وای کرد کە ناوی ژینا و ستەمێک کە لە ژینا کرا کۆمەڵگە و ڕای گشتی بگرێتەوە.

کوردپا لەو کاتەدا و لەو زەمەنە هەستیارەدا، ئەرکی ڕۆژنامەوانیی خۆی بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە وێنەی ژینا لەسەر تەختی نەخۆشخانە و بڵاوکردنەوەی لە کاتێکدا کە هێشتا هەناسەی دەدا، بەجێ گەیاند. بێ گومان لۆگۆی ئەم وێنەیە تەنیا بە مەبەستی بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی چەندین هاوکاری کوردپا بوو کە ئەم ئەرکە ڕۆژنامەوانییەیان جێبەجێ کرد تا ئەو کاتەی کە ئەوان خۆیان خوازیاری ئاشکراکردنی ناوەکانیان بن.

کوردپا بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەو کات و ساتە هەستیارەدا وەکوو بەشێک لە ڕاستی و یەکێک لە کاتەکانی گەیشتن بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەزانێ؛ چونکە لە سەردەمی ئێستادا و لە دنیای سۆشیاڵ میدیادا کە لەگەڵ ژیانی ئێمە تێکەڵاو بووە، تۆمارکردن و کێشانەوەی کاتەکانی ژیانە کە ڕاستییەکان دەخولقێنێ و بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیەش لەلایەن کوردپاوە، لەم ڕاستایەدا بوو.