سنە؛ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران و ٦٥ ساڵ زیندان بۆ ٤ هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە تۆمەتی بەغی

13:21 - 17 خەرمانان 2723

پاش سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، هاوولاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف ئەحمەدی" خەڵکی بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانەش، بە ناوەکانی "محەممەد کەریمی'، "باست کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، سەرجەم بە ٦٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بەپێی حوکمی دەرکراو دژی ئەم چوار هاووڵاتییە، یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٥ ساڵ زیندان، باست کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٠ ساڵ زیندان و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی"، بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٥ی خەرمانان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی دەرکراو دژی ئەم ٤ هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان دەر کرا و ڕۆژی ١٢ی خەرمانان پێیان ڕاگەیەندرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە دەسپێکی شەپۆلی دەسبەسەکرانی هاووڵاتییان لە بانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چوار کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کران.

ئەم چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دراون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی