دوکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا لە لێژنەی زانستیی زانکۆی کوردستان دەر کرا

13:08 - 14 خەرمانان 2723

دوکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا، خەڵکی ئیلام، بەرپرسی پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی و لە مامۆستایانی گرووپی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند کە بە هۆکارگەلی نازانستی و دژ بە پرەنسیپی زانکۆ کە ئاکامی ڕوانینی ئەمنییەتی یان سیاسیی هەندێ لە ناوەندەکانی دەرەوەی زانکۆیە، دژایەتی لەگەڵ حوکمی دامەزرانی ناوبراو کراوە و لە کردەوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراودا بە هاواهەنگیی حیراسەتی زانکۆ و "ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا"، لە زانکۆ دەر کراوە و شیاوبوونیشی لە لێژنەی زانستی، ڕەت کراوەتەوە.

لەم نامەیەدا هاتووە؛ ئێستا کە هەڵبژاردنی دەرسەکانی وەرزی نوێ دەست پێ دەکات نە تەنیا هیج نیشانەیەکی مانادار لە تێفکرین لەلایەن ئێوە و کارگێڕانی پێوەندیدارەوە نابینرێ، بەڵکوو لە کردەوەیەکدا کە بەرنامە بۆ دارێژراو و هاواهەنگ دەبینرێ، لەلایەک بە هاواهەنگی لەگەڵ ئیدارەی حیراسەتی زانکۆ، نامەیەک لەلایەن "ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا"، سەبارەت بە ڕەتکرانەوەی شیاوەتیی من بۆ درێژەدان بە خزمەت لە لێژنەی زانستیی زانکۆ دەر کراوە و بە شێوەی تلفۆنی بە من ڕاگەیەندراوە و لەلایەکی دیکەوە، ناوی من لە میدیاکاندا ئامانجدار و بەستراو بە ناوەندەکانی هێز، لە پێڕستی هاوشێوەدا بە ناوی "مامۆستایانی دەرکراو"، نووسراو و بڵاو کراوەتەوە.

دوکتور چەمەن‌ئارا لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: جێگای داخە کە نە وەزارەتی زانست و لێکۆڵینەوە و نە زانکۆی کوردستان هێج کاردانەوەیەکی ڕوونیان بەم هەواڵە ئامانجدارانە لە پرۆسەی بەئەمنەییتیکردنی زانکۆکان و نە بەنیسبەت پێشێلکرانی مافی ئەندامانی لێژنەی زانستی و سەربەخۆیی زانکۆیی خۆیان نیشان نەداوە. بۆیە داواکارم بە مەبەستی ڕوونکردنەوە بۆ ڕای گشتی و پێشگرتن لە هەر چەشنە شک و گومانێکی زیاتر، لانیزۆر هەتا ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢، بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆتان سەبارەت بە دۆسییەکانی من بە شێوەی ڕوون و ئاشکرا ڕابگەیێنن.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٥ی سەرماوەز، ئەم مامۆستای زانکۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بێهرووز چەمەن‌ئارا بە هۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی و خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی زانکۆی کوردستان، لە ناڕەزایەتی بە سەرکوت و دەسبەسەرکرانی خوێندکاران بە زمانی ئاڵمانی دەسبەسەر کرابوو.