سنە؛ کامران ساختمانگەر بە سزای نەختی مەحکووم کرا

21:41 - 8 رەزبەر 2723

کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سزای نەختی مەحکووم کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بێ‌تاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تلویزیۆنییەکان" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای نەختی مەحکووم کراوە.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکان و دۆخی جەستەیی و بەڵگەی پزیشکیی ئەم چالاکە کرێکارییە لە دۆسییەکەیدا، ٣ مانگ زیندانی تەعزیریی ناوبراوی بۆ سزای نەختی گۆڕێوە و ناوبراوی سەرجەم بە ٣٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کردووە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەێستن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، بە بێ پاریزەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووە، حوکمی دادگا بە بوونی خودی ئەم چالاکە کرێکارییە دەرچووە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.

ئەم چالاکە کرێکارییە، پیشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کەمکردنەوەی ئەم حوکمە بۆ ٢٨ مانگ، لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.