گێڕانەوەیەک لە شێوازی برینداربوون و دەسبەسەرکرانی ناسر خوسرەوی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە

12:07 - 6 رەزبەر 2723

ناسر خوسرەوی، تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە ڕەوتی بززووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوو و بە توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکان دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە گرتنگەدا بەتوندی ئەشکەنجە درابوو و دواتر بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، بانگهێشتی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرابوو.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ناسر خوسرەویدا، شێوازی برینداربوون و دەسبەسەرکرانی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

برینداربوونی ناسر خوسرەوی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا و دەسبەسەرکرانی ناوبراو؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناسر خوسرەوی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شەقامی سەرەکیی حەسەناوای سنە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەکی کڵاشینکۆف لاقی چەپی بریندار بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش برینداربوونی ناسر خوسرەوی و دوورکردنەوەی ناوبراو لە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ناسینەوەی ناوبراو، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی زاوای ناسر خوسرەوی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.

ڕاگواستنی ناسر خوسرەوی بۆ شوێنێکی نادیار و هەڕەشەی لەسێدارەدرانی لەلایەن دادوەرەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناسر خوسرەوی پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتەوە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو و لەم ماوەیەدا ئەشکەنجە درابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: کاتێک کە ناسر خوسرەوی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتەوە دەسبەسەر کرابوو، دادوەری دادگا بە ناوبراوی وتبوو، تۆ بە تاوانی لیدەربوونی ناڕەزایەتییەکان حوکمی لەسێدارەدرانت هەیە و هەڕەشەی لەسێدارەدران هەر لەو شەوەی لێ کردبوو کە لەلایەن یەکێک لە ناسیاوەکانیەوە ڕزگار کراوە.

ڕاگواستنی ناسر خوسرەوی بۆ نەخۆشخانەی ئەرتش؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند کە هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت لە کاتی لێدانی ناسر خوسرەویدا دەزانن کە لاقی لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە بە فیشەک بریندار کراوە، بەڵام لە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە خۆیان بواردبوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش خراپتربوونی دۆخی ناسر خوسرەوی، دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش کە لە هەمان شەودا هێزە سەرکوتکەرەکان تەرمی هوومەن عەبدوڵلاهییان دزیوە و حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵکی سنە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ئەم خۆپیشاندەرە لە بەردەم نەخۆشخانەی ئەرتەشدا کۆ ببوونەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت پاش ڕاگواستنی ناسر فەتحی بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش و چارەسەرکردنی، ڕێگەی هەڵهاتنیان بۆ کردووەتەوە کە پاش هەوڵدان بۆ هەڵهاتن، کوشتنی هوومەن عەبدوڵلاهی بخەنە ئەستۆی ناوبراو، بەڵام ناسر خوسرەوی لە پیلانەکەیان ئاگادار بووەتەوە و هەڵنەهاتووە.

ڕاگواستنی ناسر خوسرەوی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە پاش ٢٤ کاتژمێر ئەشکەنجە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لە لێدانی ناسر خوسرەوی لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە و ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش، ناوبراویان بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگواستووەتەوە و پاش چەند کاتژمێر ڕاگیرانی لە زیندانی ناوەندی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها وتی: لە ڕەوتی دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەی ناسر خوسرەویدا، قەفەسەی سینگ و قامکی گەورەی لاقی شکاون. هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم هاووڵاتییە وەکوو لیدەر، لە شۆکێری کارەبایی، لێدان بە سیم، کابل و دار کەڵکیان وەرگرتبوو.

ناسر خوسرەوی؛

ناسر خوسرەوی، کوڕی مەولوود و حومەیرا، لەدایکبووی ٥ی بەفرانباری ١٣٥٤ لە حەسەناوای سنەیە.

ئەم هاووڵاتییە پاش برینداربوونی، کارەکەشی لەدەست داوە.