ڕاپۆرتێک لە شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سەید محەممەد حوسێنی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز بە هۆی لێدان بە باتوم و دەرزیی هەوا

11:18 - 4 خەرمانان 2723

سەید محەممەد حوسێنی، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەڵکی سەقزە کە ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی "لێدان بە باتوم لە پشتەوە" و "لێدانی دەرزیی هەوا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە گیانی لەدەست داوە، بۆ ماوەی چەند مانگ، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی ‌هەڕەشەکانی وەک "بێسەروشوێنکردن"ی منداڵی دیکە و "تێکدانی چارەنووسی لاوانی تایفە"، لە بنەماڵەی ناوبراو، ئەم بنەماڵەیان ناچار بە بێدەنگبوون سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەید محەممەد حوسێنی، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هیزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو کە کاری شۆفێریی کردووە، شەوی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، دوابەدوای پێوەندیی تلفۆنیی موسافرێک بە نرخێکی باش، کاتژمێر یەکی نیوەشەو لە ماڵ چووەتە دەرەوە کە لە گەڕەکی "قەوخ"ی سەقز، هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان بە باتوم لە پشتەوە لێی دەدەن و پاش لێدانی دەرزی هەوا، دەیخەنە نێو ماشینەکەی خۆی و ڕۆژی دواتر هەواڵی مەرگەکەی وەکوو خۆکوژی بە بنەماڵەکەی ڕادەگەینن.

لە درێژەدا، تەرمی سەیدمحەممەد حوسێنی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و پزیشکی داوەری، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بە بنەماڵەکەی نادرێتەوە و تەنانەت سەردانی بنەماڵەکەی بۆ پزیشکی دادوەری بۆ وەرگرتنی وڵامێکی ڕوون، بێ‌ئاکام ماوەتەوە. هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانیش هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکەن کە هۆکاری مەرگی کوڕەکەیان، خۆکوژی ڕابگەیێنن. هەڕەشەکان تا ئاستێک بووە کە دایکی سەیدمحەممەد حوسێنی هەڕەشەی لێ کرابوو کە لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی داوای هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکاندا، تەرمی کوڕەکەی ڕادەست ناکەنەوە و منداڵەکەی دیکەشیان "بێسەروشوێن" دەکەن.

لە کۆتاییدا، تەرمی سەیدمحەممەد حوسێنی بە هەڕەشەی زۆر، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە درەنگانی شەودا و بە بوونی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان و گوشارهێنان بۆ سەریان و ناچارکردنیان بەوەی کە بڵێن خۆکوژی کردووە و ئەگەر وا نەبێ تەرمەکەی ڕادەست ناکەنەوە و منداڵەکەی دیکەشیان "بێسەروشوێن" دەکرێ، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، بە خاک سپێردرا.

مەلیحە حەسەننژاد، دایکی سەیدمحەممەد حوسێنی کە بە هۆی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی جەڵتە لێی دابوو، پاش چوونە کۆما و ٧ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕ لە نەخۆشخانەدا گیانی لەدەست دا. پاش مەرگی دایکی سەیدمحەممەد بوو کە قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی ئاشکرا کرا و کوردپا هەوڵی دا بەدواداچوون بۆ  وردەکارییەکانی ئەم قەتڵە حکوومەتییە بکا.

گوشاری زۆر بۆ سەر بنەماڵەی حوسێنی، هەڕەشەکردن بۆ "بێسەروشوێنکردن"ی کوڕی گەورەی بنەماڵەکە و "ونبوونی هەموو بنەماڵەکە"، ببووە هۆی ئەوەی کە ئەم بنەماڵەیە بە نیسبەت قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بن.

لەلایەکی دیکەوە، وێکچوونی ناو و پاشناوی سەیدمحەممەد لەگەڵ یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی سەقز، بووە هۆی ئەوەی کە ئەم قەتڵە حکوومەتییە تا چەند مانگ ئاشکرا نەبێ. ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، سەید محەممەد حوسێنی، خەڵکی سەقز، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و لە کاتێکدا هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کردبوو، دوو جار بە ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە خێرایی زۆرەوە دەکرێتە ژێرەوە و گیانی لەدەست دەدات.

سەیدمحەممەد حوسێنی، کوڕی سەید هادی و سەیدە مەلیحە، لەدایکبووی یەکی بانەمەڕی ١٣٧٩ لە سەقز و شۆفێر بووە.

سەیدمحەممەد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە کەسێکی "زۆر چالاک"، "بوێر" و "نەترس"، ناسرابوو.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە