٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ و ٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی «شێخ زاهێد شەهابی»، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە کەسایەتییەکانی تەسەوف، ناوبراو دوای چەندین مانگ دەسبەسەرکران، لێکۆڵینەوە و ڕاگرتن لە ژوورە تاکەکەسییەکان، دابڕگە و بەندیخانەی قوروە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ یەکێک لە بەندەکانی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە. تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئازادکردنی کاتیی دەرنەچووە و لە دۆخێکی نادیاردا بەسەر دەبات و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند کە شێخ زاهێد شەهابی ئێستا لە بەندیخانەی سەقز ڕاگیراوە. ناوبراو لە ڕۆژانی سەرەتای دەسبەسەرکرانیدا بۆ قوروە گوازراوەتەوە و ماوەی چەندین مانگ لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا لە ەسبەسەری و لەژێر لێپرسینەوەدا بووە. دواتر بۆ بەندیخانەی قوروە و پاشان بۆ دابڕگەی بەندیخانەی سەقز و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بۆ یەکێک لە بەندەکانی بەندیخانەی سەقز گوازراوەتەوە. ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد کە شێخ زاهێد شەهابی بەهۆی گوشار و ئازاردانی کاتی دەسبەسەرکرانی، تووشی دابەزینی توندی کێشی جەستە بووە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئازادکردنی کاتیشی دەرنەچووە.

«شێخ زاهێد شەهابی» ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەییەکانەوە لە سەقز و بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا. لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکردنەدا، «ئارمان خالق‌پەنا» قاچی کرایە ئامانجی فیشەک و بریندار بوو، کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بە کردەوە ڕووبەڕووی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووەتەوە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە چارەنووسی نەداوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی شێخ زاهێد شەهابی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ناوبراو هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و بۆ ماوەی چەندین مانگیش هیچ پەیوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە. 

پێشینەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە؛

بەرەبەیانی ٤ی نەورۆزی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بە بێ حوکمی دادگا هەڵیانکوتایە سەر خانەقای «ڕێگای ئازادی» و «شێخ زاهید شەهابی»، برا بەڕێزەکەی شێخ ئازاد شەهابییان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" و بە توندوتیژییەوە "شێخ زاهید شەهابی"یان دەسبەسەر کرد.

ناوبراو دوای ٦٦ ڕۆژ دەسبەسەری، لە کاتێکدا کە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بوو، ڕۆژی ٧ی جوزەردان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا. ئازاد شەهابی لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی کوردستان ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم‌پەنا لە خانەقاکەی خۆیدا لە شاری سەقز، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژران.