ئێریک مارکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی لە ئەستۆ گرت

23:57 - 3 خەرمانان 2723

ئێریک مارکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدی، زیندانیی سیاسیی تەمەن ١٦ ساڵی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی لە ئەستۆ گرت.

ئێریک ماکوارد بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: من کەفاڵەتی ئێحسان لە ئەستۆ دەگرم. ئەو تەمەنی ١٦ ساڵە و تۆمەتی "موحاربە"ی لێ دراوە و ئەگەری هەبووە لە سێدارە بدرێت، لە ڕابردووشدا کەسی وا کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی چەندین جار لە ئێراندا بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون و لە سێدارە دراون.

کەفیلی سیاسیی ئێحسان محەممەدی لە درێژەدا خوازیاری ئازادیی ئێحسان و هەموو زیندانییانی سیاسیی بووە و داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن.

ئەم ئەندامەی پارلەمانی ئورووپا دەڵێ؛ تەنانەت ئەگەر بابەتی ناڕەزایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا نەبێ، ئێمە نابێ ئەو خەڵکەی ئێران کە بۆ ئازادی شەڕ دەکەن و هەر بەم بۆنەوە ستەمیان لێ دەکرێت، لەبیر بکەین.

کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدی، لە درێژەی هاوکاریی دوو لایەنەی کوردپا و ڕێکخراوی "هاوار" بۆ لە ئەستۆگرتنی کەفاڵەتی زیندانییانی سیاسی لەلایەن پارلەمانتارانی ئورووپاییەوە گەیشتووەتە ئەنجام.

پێشتر سارا لارکمپ، بەرگریکاری مافی منداڵان لە پارلەمانی ئاڵمان، کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی لە ئەستۆ گرتبوو و ئەم ڕەوتە بۆ گەیاندنی دەنگی زیندانیانی سیاسی درێژەی دەبێ.