شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان؛ لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، ١٥ کەس لە مەهاباد، شنۆ، پیرانشار و پاوە دەسبەسەر کراون

00:36 - 29 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە ماوەی ڕۆژەکانی ٢٤، ٢٥ و ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا، لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، پیرانشار و پاوە، بەگشتی ١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون. ٧ کەس لەم دەسبەسەرکراوانە خەڵکی مەهاباد، چوار کەسیان خەڵکی شنۆ، سێ کەسیان خەڵکی پیرانشار و کەسێکیشیان خەڵکی شاری پاوە بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە کوردپادا بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی شیروان خزری و ئەیووب میرزایی، خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ"ی شنۆ کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارە بوون، سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش وەرگرتنی زۆرەملێی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کران. هەروەها لەم ڕۆژەدا، هیوا شەباهەنگ، خەڵکی مەهاباد، مامل شەریفی کوڕی موتەلیب و ئەرسەلان خەیری کوڕی ئیسماعیل خەڵکی گوندی "بەفرەوان"، سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. حوسێن محەممەدپوور، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەرگولی خوارێ"ش، یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی ئەم ڕۆژە بووە. ناوبراو، پێشتریش چەندین جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە بەڵام لە ئامادەبوون لەم ناوەندە خۆی بواردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ش، شێرکۆ نەسیری، ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەت خەستە، سێ هاووڵاتیی خەڵكی "گوێگتەپە"، سەر بە شاری مەهاباد و هیوا ڕاهنشین کوڕی خزر، خەڵكی گوندی "بەفرەوان" ی ئەم شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون. حەمزە قانعی و عومەر حوسێنزادە، خەڵکی شاری پیرانشاریش لە دەسبەسەرکراوانی دیکەی ئەم ڕۆژەن کە بە هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢، دوو لاوی دیکە بە ناوەکانی هێدی عەبدولبەخت، خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ"، سەر بە شاری شنۆ  و نەجمەدین عیسازادە، خەڵكی گوندی "شێخ عوسمان"، سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. فرمێسک بابایی، هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی پاوەش، هەر لەم ڕۆژەدا و بە هۆی وتنەوەی دروشمی دژە حکوومەتی لە شەقامی نزیک لە فەرمانداریی پاوە، بە توندوتیژیی هێزە ئەمنییەتییەکان، دەسبەسەر کرا.

هەموو ئەم هاووڵاتییانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ١٣ کەسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەروەها زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانلەەستداوانی ئەم بزووتنەوەیە و بانگهێشتکران و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و هەڕەشەکردن لە دەسبەسەرکراوانی ئەم بزووتنەوەیە بە مەبەستی ترساندن و سەرکوتی کۆمەڵگە، پەرەی سەندووە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە