بانە؛ کۆڵبەرێک بە تەقەی هیزە نیزامییەکان بریندار بوو و کۆڵبەرێکی دیکەش دەسبەسەر کرا

00:31 - 24 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "تاهیر ئیسماعیل تەوانا"، کوڕی عەلی و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بریندار بوو و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی "شێرزاد ئیسماعیل تەوانا"، کوڕی حوسێن، خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لە تاهیر ئیسماعیل تەوانا کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی شێرزاد تەوانا بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو، بێئاکام بووە.

ئەەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە کە دۆخی گشتیی ئیسماعیل تەوانا، ئاساییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، ئەرسەلان ڕەسووڵی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "بیشاسبی سەروو"ی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، گیانی لەدەست دا.