ئاودانان؛ سونیا شەریفی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە

20:56 - 19 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژ، سونیا شەریفی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵكی ئاودانان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان، لە چوونەژوورەوەی ئەم شارەدا، بە زۆر، سواری ماشین کراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم قوتابییە خۆپیشاندەرە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ماشیندا و لە شوێنێکی نادیاردا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە، هەڕەشەی لێ کراوە و لێی دراوە و دواتریش لە هەمان شوێندا و بە برینداری بەجێیان هێشتووە.

سونیا شەریفی بە هۆی گوشارەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری ئاودانان ناژیت؛ دوو ڕۆژ پێش، لە ڕێگەی پێوەندییەکی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان کراوە کە بە پێداگریی بنەماڵەکەی لەوێ ئامادە بووە.

سونیا دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە برینەکەی خۆی، لە ئینستاگرام، بە لاتاو نووسیبووی: "پێتان وایە چی بووە؟"

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠١، سونیا شەریفی، بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئیلام ئازاد کرا کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

ناوبراو شەوی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان دەسبەسەر کرا و بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

سونیا شەریفی لە کاتی لێپرسینەوەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە دروستکردنی کۆکتێل مۆلۆتۆف و نووسینی دروشم کراوە.