ڕاگواستنی خالید محەممەدی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز

13:12 - 11 گەلاوێژ 2723

خالید محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تورجان"، سەر بە شاری سەقز، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا و تاکوو ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: خالید محەممەدی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا چەند جار پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

 تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی وورد دەست نەکەوتووە.