گێڕانەوەیەک لە شێوازی نابینابوونی چاوی چەپی ئیبراهیم حەکیم‌دووست لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد

22:23 - 23 پووشپەڕ 2723

دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، خەڵکی مەهاباد لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی سەقز، هاتنە سەر شەقام کە ناڕەزایەتیی هێمنانەی خەڵک لە سێڕێیانی "سەید نیزام"، کاردانەوەی توندوتیژانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەدواوە بوو.

لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ڕۆژەدا، ئیبراهیم حەکیم ‌دووست، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو؛ کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگاداردا، شێوازی برینداربوونی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی ئیبراهیم حەکیم‌دووست لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئیبراهیم حەکیم‌دووست، لە سێڕێیانی "سەید نیزام"، بە چەکی ساچمەزەن لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە کرایە ئامانج و بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی دوو میلی، سینگ، باسک و چاوی بەتوندی بریندار بوو و دوو فیشەک بەر تۆڕی چاوی چەپ و پشت برۆی کەوت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیبراهیم حەکیم‌دووست، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچێتە لای پزیشکێکی دەرمانە گیاییەکان کە لەسەر ڕاسپاردەی ئەم پزیشکە، ناوبراو دەبوایە بچێتە لای پزیشکی پسپۆڕ و دواتر، ئیبراهیم حەکیم‌دووست بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چووە نەخۆشخانەی مەهاباد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ڕۆیشتنی ئیبراهیم حەکیم‌دووست بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی مەهاباد، چونکە پزیشکی پسپۆڕ لەوێ نەبووە، پزیشکێکی گشتی بە بنەماڵەی حەکیم‌دووستی وتبوو ناتوانن کارێکی بۆ بکەن و دەبێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئیبراهیم حەکیم‌دووست، دواتر ناوبراو دەبەنە نەخۆشخانەی ورمێ کە لەوێ پزیشکەکان پێی دەڵێن بە هۆی نالەباربوونی دۆخی چاوی، کارێکیان پێ ناکرێ و دەبێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاتێ ئیبراهیم حەکیم‌دووست دەچێتە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز، ٤ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەقزیش لەوێ دەبن کە ئەوانیش چاویان بریندار بووە کە یەکێکیان هەر دوو چاوی بریندار بووە.

دوو جار نەشتەرگەریی چاو بۆ ئیبراهیم حەکیم‌دووست لە نەخۆشخانەی نیکووکاری؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیبراهیم حەکیم‌دووست، پاش سێ ڕۆژ خەوێندران لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز، نەشتەرگەریی بۆ کرا و کەمتر لە مانگێک، دوو جار نەشتەرگەری بۆ چاوی چەپی کرا کە پزیشکەکان تەنیا توانییان، فیشەکی ساچمەکە لە تۆڕی چاوی دەربێنن و ساچمەکەی تر هەروەها لە سەر برۆی ماوەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پزیشکەکانی نەخۆشخانەی نیکووکاری، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئیبراهیم حەکیم‌دووست، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاند کە لەوە زیاتر ناتوان هیچ کارێکی بۆ بکەن و ئیبراهیم دەبێ قەترەی چاو بەکار بێنێ و سەرئێشەی زۆریشی هەیە.

ڕۆیشتن بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران و پچڕانی دەماری چاوی چەپی ئیبراهیم حەکیم‌دووست؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ڕۆیشتن بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران و پشکنین بۆ چاوی ئیبراهیم حەکیم‌دووست لەلایەن پرۆفیسۆر ڕەجەبییەوە، ناوبراو بە ئیبراهیمی وتبوو کە ٤ دەماری چاوی پچڕاون و هیچ کارێکی بۆ ناکرێ و چاوی بینایی خۆی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی حەکیم‌دووست، ئیبراهیمیان بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران ڕاگواستبوو و جارێکی دیکە پێیان ڕاگەیەندرابوو کە هیچ کارێک ناکرێ و تۆڕی چاوی ئیبراهیم بە تەواوەتی تێک چووە و بە تێپەڕبوونی کات، چاوی شین هەڵدەگەڕی کە ئێستا چاوی شین هەڵگەڕاوە.

ئیبراهیم حەکیم‌دووست؛

ئیبراهیم حەکیم‌دووست کوڕی ئەحمەد و خەدیجە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٧ لە مەهابادە.

ناوبراو سێ منداڵی هەیە، کرێکاری وەرزی بووە و ئێستا بێکارە.