ناردنی دۆسییەی سیاوەش حەیاتی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران لەسەر داواکاریی دادستانی گشتیی وڵات

16:09 - 7 گەلاوێژ 2723

لقی یەکی لێپرسینەوەی گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە، دۆسییەی سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کوردی لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ تێکدانی تەناهیی نێوخۆیی و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە مەبەستی پێڕاگەیشتن، ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کرد.

لە دوایین حوکمی دەرکراو دژی سیاوەش حەیاتی لە دادسەرادا، لقی یەکی لێپرسینەوەی گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە، پەیڕەوی ماددەی ٤١٩ و دەنگی لقی ٥ی دیوانی باڵای وڵات و لەسەر داواکاریی دادستانی گشتیی وڵات، پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناوبراوی بە ناوەندە دادوەرییەکانی تاران ئەسپاردووە.

ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێکانی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی ئازادکراو لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر لە کرماشانەوە چووبوونە شاری سەحنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ کرماشان لە خاڵی پشکنینی بێستوون، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوون و ئازا و ئەشکەنجە درابوون.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد، پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا و ڕەشەمەی ١٤٠١ بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی"، بانگهێشتی لقی یەک لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کرا.

سیاوەش حەیاتی کە ماوەی یەک ساڵەی حوکمەکەی خۆی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان تێدەپەڕێنێت، لە سەرەتای ڕەوانەکران بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان، تووشی ئانفۆڵانزا بووە کە بە هۆی چارەسەرنەکرانی نەخۆشییەکەی لە زینداندا و ڕەانەنەکردنی بۆ دەرەوەی زیندان، تووشی کێشەی هەناسەدان بووە و ڕۆژگارێکی سەخت تێپەڕ دەکات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بەرپرسانی زیندان، مەرجی ڕەوانەکردنی سیاوەش حیاتی بۆ نەخۆشخانە و پێدانی مورەخەسیی یاسایی و تەنانەت دەرمانیشیان ڕەزامەندیی هێزە ئەمنییەتییەکان ڕاگەیاندووە کە ئیدارەی ئیتلاعات، داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، سیاوەش حەیاتی، پاش بانگهێشت بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزای دادسەرای کەیفەری و ئینقلابی شاری شاباد، بۆ جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بانگهێشتانمەیەکی پێ گەیشتبوو.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی، یەکی ڕەزبەری ١٤٠١ لە گوندی "ورگمە" سەر بە شاری داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە دەسپێکی دەسبەسەرکرانیدا مانی لە خواردن گرت.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوا ڕاگوێزرا و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە کەفالەت ئازاد کرا.

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد، لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان، هەڵکەوتوو لە شاباد بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ تلویزیۆن و میدیا دژبەرەکان و ناوبردن لە  کوژراوانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە و بە زاڵم ناوبردنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حەیاتی "هاندانی خەڵک بۆ کوشتن و شەڕ بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بووە کە دادگا بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ناوبراوی لەم تۆمەتە بێتاوان ناساند.