تەمەنی "سۆلینا" منداڵەکەی سوعدا خەدیرزادە، بە بێ ناسنامە و لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا بوو بە یەک ساڵ

14:50 - 30 جۆزەردان 2723

سۆلینا، منداڵە ساواکەی سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی دەسبەسەرکراو لە زیندانی ورمێ، ئەمڕۆ لەکاتێکدا پێی نایە دووهەمین ساڵی ژیانیەوە کە هێشتا ناسنامەی نییە و دایکی بۆ گەورەکردنی لە زیندانی ورمێدا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە، لەوانە دابینکردنی شیر و پۆشاک و هەڕەشەکان بۆ "لێئەستاندنەوەی منداڵەکە" و بە "تێرۆریست" و "داعش" بانگکردنی منداڵەکەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەرەوڕوویە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دابینکردنی شیر، پۆشاک و خواردەمەنییەکان بۆ ئەم منداڵە لە کێشە ڕۆژانەکانی سوعدا خەدیرزادە بۆ گەورەکردنی منداڵەکەی لە زیندانی ورمێیە و تەنانەت بۆ داپۆشینی منداڵەکەی ناچارە کەڵک لە جلی کۆنی منداڵەکانی دیکە وەربگرێ. لەلایەکی دیکەوە دۆخی نامرۆڤانە و گوشارە دەروونییەکان لەلایەن بەرپرس و پاسەوانەکانی زیندانی ژنان و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر سوعدا خەدیرزادە نیشاندەری دۆخی نالەباری ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێیە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی سوعدا خەدیرزادە بۆ منداڵەکەی دەڵێ؛ سوعدا خەدیرزادە لە بواری ماڵی و دابینکردنی خۆراک و پۆشاک بۆ منداڵەکەی تواناییەکی کەمی هەیە و هاوڕێیان و باقی زیندانییانی دیکە کە هاتوچۆی زیندان دەکەن یان بنەماڵەی زیندانییان بە شێوەی "خێرخوازانە"، شیر و پۆشاک بۆ منداڵەکەی دابین دەکەن. چونکە ئەو پشکەی لە شیر و جلوبەرگ کە زیندان بۆ منداڵانی ساوا دیاریی کردووە، زۆر کەمە. لەلایەکی ترەوە، بە دەرکردنی بڕیاری نوێ لە زیندانی ژنانی ورمێ، زیندانییانی هەر بەند ڕۆژانە تەنیا دەتوانن بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە هەوای ئازاددا بمێننەوە و بەم جۆرەش منداڵەکەی سوعدا تەنیا یەک کاتژمێر دەتوانێ لە دەرەوەی بەند بێت و لە ناو زیندانەکەشدا هیچ جێگا و کەرەستەیەک بۆ یاریکردن نییە تاکوو یارمەتی بە گەشەی ئەم منداڵە بدات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ: بەگشتی دۆخی زیندانی ورمێ بۆ ژنان زۆر خراپە و بە دۆخێکی نامرۆڤانەدا تێدەپەڕێت، چ بگا بە منداڵێکی ساوا کە پێداویستیی تایبەتیی خۆی هەیە کە ئەمە بۆ زیندانییەکی سیاسیی کە دایکیشە بە مانای گیرخواردنی ڕەها لە دۆخەکەیە. جاروبار وابووە کە زیندانییەکان بۆ وەرگرتنی سەهمیەی سابوون و نەبوونی توانایی ماڵیی خۆیان گریاون یان ئەوەی کە زیندانییەکان حەفتەیەک جارێک دەستیان بە میوە ڕاگەیشتووە و شتێکی تر جگە لە خواردنی زیندان بۆ گەشەی منداڵ نییە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دەسپێڕاگەیشتنی سوعدا و منداڵەکەی بە خزمەتگوزاریی دەرمانیی دەڵێ: لە زینداندا شتێک بە ناوی دوکتوری منداڵان نییە و تەنیا مامانێک بۆ پشکنینی زیندانییەکان و منداڵەکانیان ئەویش بە بێ پێدانی دەرمان دێتە ئەوێ و ئەگەر زیندانییەک یان منداڵەکەی پێویستیی زۆری بە دەرمان هەبێ و ئەو مامانە بۆی بنووسێ، ئەو زیندانییانەی کە دەچنە دەرەوە لە زیندان دەتوانن بە پارەی خودی کەسەکەوە دەرمانەکانی بۆ دابین بکەن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە دەسپێڕاگەیشتنی منداڵ و دایکی زیندانی بە پزیشکی دەرەوەی زیندامیش دەڵێ: تەنیا لە کاتێکدا ئەم ئیزنە دەدرێت کە دۆخی دایک و منداڵەکە زۆر نالەبار بێت لە ئەڵبەتە بۆ زیندانییانی سیاسی ئەم ڕێگایەش زۆر دورودرێژ و سەختە. چونکە دەبێ داواکارییەکە تۆمار بکرێت و پاش یەک حەفتە وڵامی ئەم داواکارییە بە ئیزنی دادوەری چاوەدێری زیندان بدرێتەوە. بۆ سوعدا خدیرزادەش کە تاکوو ئێستا سەرەڕای دیاریکردنی بارمتە قورسەکان، لە ئازادیی کاتی و مورەخەسی بێبەری بووە، ئەم شتە نەلوایە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە گوشارەکانی بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان وتی: خانمی "بەخشی"، بەرپرسی بەشی ژنانی زیندانی ورمێ پاش هەوڵی خۆکوژیی سوعدا خەدیرزادە لە ساڵی رابردوودا، بەڵێننامەی نووسراوی لێ وەرگرتووە کە هەوڵی خۆکوژییەکە ڕەت بکاتەوە و لە ئەگەری ئەوەدا کە ئەم کارە نەکات منداڵەکەی لێ وەردەگرنەوە. خانمی "ڕەفعەت"، پاسەوانی زیندانیش بە بێڕێزی و سووکایەتیکردنی بەردەوام، منداڵەکەی سوعدا بە "تێرۆریست" و "داعش" بانگ دەکات و دەڵێ ئەم منداڵە لە داهاتوودا دەبێتە تێرۆریست و داعش.

لەلایەکی دیکەوە گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە مورەخەسیی سوعدا خەدیرزادە سەرەڕای بارمتەی قورس و ڕەزامەندیی دادگا تاکوو ئێستا درێژەی هەیە و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار پێشی بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرتووە، سکاڵەکەرانی دۆسییەکەش هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری پێدانی مورەخەسەیدا دەیکوژن و خوازیاری قورسترین سزا بۆ ناوبراون. تەنانەت پارێزەرەکەشی لە ئاکامی هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا لە پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی پاشگەز بووەوە.

سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری، لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا دووگیان بووە و منداڵەکەی لە کاتی دەسبەسەریدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە مافی مورەخەسی هێنایە دنیاوە. دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی ناوبراو تاکوو ئێستا بووەتە هۆی ئەوەی کە لە مافی ئازادیی کاتی و مورەخەسی بێبەری بکڕی و کە بە هۆی ئەم دۆخەوە، دەستی دایە مانگرتن و هەوڵی خۆکوژیی دا و دواتریش ناچار کرا کە هەواڵی خۆکوژییەوەکەی خۆی ڕەت بکاتەوە.

باوکی سۆلینا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی هاوسەر و منداڵەکەی لە زیندانی ورمێ، پیرۆزبایی یەکەمین ساڵیادی لەدایکبوونی کچەکەی کرد و هیوای تەندروستیی بۆ خواستن.

وردەکاریی زیاتری ئەم دۆسییەیە ئەتوان لێرە بخوێننەوە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە