گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی واحید ڕووزنەوەرد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد

22:35 - 28 جۆزەردان 2723

تەقەی ئامانجداری هێزە سەرکوتکەرەکان لە چاوی خۆپیشاندەران، یەکێک لە گەڵاڵەکانی حکوومەت بۆ سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر بوو کە ئەم شێوازە لە سەرکوت تاکوو ئێستا نەبینرابوو. تاکوو ئێستا ژمارەیکی زۆر لەو کەسانەی کە چاویان پێکراوە، ڕاستیی ڕووداوەکەیان ئاشکرا کردووە بەڵام هێشتا سەدان کەس هەن کە چاویان خەساری جیدیی بەر کەووتووە بەڵام لە ترسی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا، بە نهێنی خەریکی چارەسەرکردنی خۆیانن.

واحید ڕووزنەوەرد، خۆپیشاندەری خەڵکی مەهابادە کە لە خۆپیشاندانی ڕەزبەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بریندار بوو و بینایی چاوی چەپی خۆی لەدەست دا.

یەکێک لە کەسانی نزیک لەم خۆپیشاندەرە، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی برینداربوونی واحید ڕووزنەوەرد لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی واحید ڕووزنەوەرد لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، شەوی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، خەڵکی مەهاباد بە شێوەی هێمنانە لە شەقامی مەنبەع کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد کە لەگەڵ تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەرەوڕوو بوونەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەر خەڵک و دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵکی خۆپیشاندەر کرد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا ڕایگەیاند: واحید لەگەڵ چەندد کەس لە خۆپیشاندەران پەنایان بردە کۆڵانەکانی نزیک شەقامی مەنبەع کە یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای ١٠ میترییەوە تەقەی لێ کردن و ئەمەش برینداربوونی واحیدی لێ کەوتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چاوی واحید بریندار بووە و لە ترسی ئەوەی کە دەسبەسەر نەکرێ، نەچووەتە نەخۆشخانەی مەهاباد و لە ماڵی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی دەمێنێتەوە و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لەو ماڵە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی نیکوووکاریی تەورێز ئەکرێ.

سەرچاوەکەی کوردپا وتی: پاش ڕاگواستنی واحید بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز، لەوێ یەک جار نەشتەرگەریی بۆ دەکرێ، یەکێک لە ساچمەکان تۆڕێ چاو و یەکێکی تریان گلێنەی چاوی چەپی پێکاوە و یەکێکیان پشتەوەی چاوی پێکاوە و تاکوو ئێستا دەرنەهێنراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دانەی لە ساچمەکان چاوی ڕاستی واحید و ژێر پێڵووی چاوی پێکاوە بەڵام چاوی ڕاستی خەسارێکی وای بەرنەکەوتووە.

ڕێژەی ئەو ساچمانەی کە بەر واحید کەوتوون و مانەوەی هەندێکیان لە لەشیدا؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: نزیکەی ٨٠ ساچمە، چاو، سەر، دەموچاو و لەشی واحیدیان پێکاوە کە ٢٢ دانەیان بەر چاوی چەپ و یەکێکیان بەر چاوی ڕاستی کەوتوون و ٦ دانەشیان دەموچاویان پێکاوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە کوردپا وتی: هەرچەند واحید جارێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چارەسەری هەیە.

واحید ڕووزنەوەرد؛

واحید ڕووزنەوەردم کوڕی محەممەد و مەلەک، لەدایکبووی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٨٠ لە مەهابادە.

ناوبراو پێش لەوەی کە بریندار بێت، کاری ئارایشگەریی کردووە و ئێستا بێکارە.