ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی نەغەدە

14:57 - 31 بانەمەڕ 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ناسر دالە"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "زەنگاوێ" و دانیشتووی "شیناوێ"ی پیرانشار، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، ئێستاش لە زیندانی نەغەدە دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی هەینی، ٤ی خەرمانانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان ڕاگواستووە.

ناسر دالە، پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.