دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی بانە ئازاد کران

16:46 - 30 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد غوڵامی" و "ڕەسووڵ عوبەیدی"، خەڵکی گوندی "سیوچ" سەر بە شاری بانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزراون و دوای یەک کاتژمێر بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

 ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەحمەد غولامی، وانەبێژی زمانی کوردی، گەمارۆی  زەوییە کشتوکاڵییەکەیانی ناوبراویان داوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ن دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەحمەد غوڵامی دەستیان بەسەر ماشینەکەی، ماتۆڕەکەی و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە. ئەحمەد غوڵامی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "ڕەسووڵ عوبەیدی" خەڵکی گوندی "سیوچ"ی بانە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

پێشتر ئەم هاووڵاتییە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو. ڕەسووڵ عوبەیدی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاوولاتییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "سیوچ" بە ناوەکانی "عوسمان مەحموودی. فەرهاد ڕەحمان‌پوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کرابوون و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوون.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەحمەد غوڵامی و ڕەسووڵ عوبەیدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

 وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئەحمەد غولامی و ڕەسووڵ عوبەیدی