بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛ سێ هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کران

11:53 - 23 بانەمەڕ 2723

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، سێ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "محەممەد(شێرزاد) ئازەربەرزین" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی عەبدولقادر، "وەفا (عەبدوڵڵا) ڕەسووڵی ئازەر" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی حوسێن و "عەبدولسەمیع ڕەسووڵی" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی مستەفای بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرد.

بەپێی حوکمی دەرکراو، محەممەد ئازەربەرزین بەبۆنەی تۆمەتی وەپاڵدراوی "دروستکردنی یەک دانە کۆکتێل مۆلۆتۆف" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری و دانی ٢ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تۆمەتی "گوێنەدان بە مەئمووری دەوڵەت" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی، و بە تۆمەتی "بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، وەفا (عەبدوڵڵا) ڕەسووڵی ئازەر بە تۆمەتی وەپاڵدراوی "ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی بینای ئیدارەی ئیتلاعات" بە ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی "گوێنەدان بە مەئموورانی دەوڵەت" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی "بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی و عەبدولسەمیع ڕەسووڵی بە تۆمەتی وەپاڵدراوی "بەشداری لە تێکدان و تاڵانکردنی فرۆشگای گندم" بە ٣ ساڵ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی "بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعیزی و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کراون.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بەڕێوە چووە.

محەممەد(شێرزاد) ئازەربەرزین، خەڵکی پیرانشار ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگویزراوە و ئێستا لەو زیندانەدایە.

وەفا (عەبدوڵڵا) ڕەسووڵی ئازەر، خەڵکی پیرانشار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

وەفا ڕەسووڵی ئازەر پاش دو مانگ و هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا و ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عەبدولسەمیع ڕەسووڵی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

 وێنە: محەممەد (شێرزاد) ئازەربەرزین و وەفا (عەبدوڵڵا) ڕەسووڵی ئازەر