گێرانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی شادمان ئەحمەدی لە ژێر ئەشکەنجەدا

10:31 - 9 بانەمەڕ 2723

ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە ئەشکەنجە و توندوتیژی بەرەوڕووی ناڕازییان بوونەتەوە کە کردەوە توندوتیژەکانیان بریتی بووە لە لێدان، لێدانی قامچی، شۆکی ئێلێکترۆنیکی، دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژیی سێکسی بەرانبەر بە منداڵان.

ئەشکەنجەی خۆپیشاندەران بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان و تێکدانی باری دەروونیی لاوان بووە.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستاندا، ڕامین فاتحی، ئیسماعیل دزوار، ئومید حوسێنی، هێمن ئامان، شادمان ئەحمەدی، محەممەد حاجی ڕەسووڵ‌پوور و شەهریار عادڵی پاش دەسبەسەرکران لەژێر ئەشکەنجەدا کوژران.

شادمان ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکاندا گیانی لەدەست دا و یەکێک لە نزیکانی لە وتووێژ لەگەڵ کوردپا شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراوی گێڕاوەتەوە.

شێوەی قەتڵی حکوومەتیی شادمان ئەحمەدی؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو شاری دێولانی گرتەوە و لەم ناڕەزایەتییەدا لاوێک بە ناوی "ڕەزا لوتفی" بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا و "شادمان ئەحمەدی"ش وەکوو خۆپیشاندەرێک ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکیی لەم ناڕەزایەتییانەدا گێڕا.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی شادمان ئەحمەدی چەند جار هێرشیان بردە سەر ماڵی باوکی شادمان بەڵام نەیانتوانی دەسبەسەری بکەن. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەز کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی هێزە ئەمنییەتییەکان دووبارە هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی شادمان و پاش یەک کاتژمێر دەرگیربوون لەگەڵی، دەسبەسەریان کرد و بۆ دادگایان ڕاگواست.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: پاش هەستانەوەی خەڵک لەم بزووتنەوەیەدا، هێزە خۆجێیەکانی سپای پاسداران هۆشدارییان بە شادمان ئەحمەدی دابوو کە لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان خۆی ببوێرێ؛ شادمان پێش لە دەسبەسەرکرانی لە ماڵی براکەی دەژیا و پاش گەڕانەوە بۆ ماڵی باوکی هاوکات لەگەڵ توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکان دەسبەسەر کرا.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: پاش دەسبەسەرکرانی شادمان و کوژرانی لەژێر ئەشکەنجەدا، دەنگۆیەک سەبارەت بەوەی کە چووەتە کۆماوە بڵاو کرایەوە تا ئەو کاتەی کە تەرمەکەیان گواستەوە بۆ ساردخانە و بنەماڵەکەی زانییان کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تەرمی شادمان بۆ پشکنین ڕاگوێزرایەوە بۆ قوروە و جومگەی ئەژنۆیان دەرهێنابوو و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە لە گرتنگەدا خۆکوژیی کردووە.

ئەم سەرچاوە باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەی ئەحمەدی، تەرمی شادمانیان بۆ گۆڕستانی دێولان ڕاگواستووە تاکوو ئەسپەردەی خاکی بکەن، بەڵام پاش ئەوەی کە بنەماڵەکەی ئاگادار دەکرێنەوە، دەچنە گۆڕستانەکە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هەڵدێن و تەرمی شادمان لەوێوە بۆ ماڵی باوکی ڕادەگوازن و بە بەشداریی خەڵک و بە دروشمی دژی حکوومەت بە خاکی دەسپێڕن.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی شادمان ئەحمەدی و بانگهێشتی بنەماڵەکەی بۆ دادگا؛

ئەم سەرچاوەیە وتی: ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی شادمان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مزگەوت و ماڵی باوکی ناوبراو بەڕێوە چوو و خەڵک لە شارەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کرد. هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیلمهەڵگرتن لە ڕێگەی درۆنەوە چاوەدێرییان بەسەر ڕێوڕەسمەکەدا دەکرد. سێ ڕۆژ پاش مەرگی شادمان، بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی دێولان بنەماڵەی ئەحمەدی بانگهێشت دەکا و ڕایاندەگوازێتەوە بۆ دادگا و بەرپرسی دادگوستەری بە ناوی "ئێفتخاری" پێیان ڕادەگەینێ کە شادمان بە هۆی هێزی جەستەیەوە خۆی کوشتووە!

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: کوڕە مامێکی شادمان بە "ئێفتخاری" دەڵێ کارێک کە ئێوە بە شادمانتان کرد، یەزیدیش بە حوسێنی نەکردبوو کە ئێفتخاری لە کاردانەوە بەم قسەیەدا دەڵێ بەڵێ شادمان هێزی جەستەی زۆر بوو و ئێمە ناچار بووین دەست و لاقی بە زنجیر ببەستینەوە کە نەتوانێ دادگا چەک بکات.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: چەند جار بنەماڵەی ئەحمەدی بۆ وەرگرتنەوەی کەرەستە تاکەکەسییەکانی شادمان چوونەتە دادگا بەڵام تاکوو ئێستا نە بەڵگەی پزیشکی دادوەری، نە ملوانکە و ئەنگوستیلەکانیان پێ نەداونەتەوە و دەستیشیان بەسەر ڤیدیۆ و فیلمی کامێرای چاوەدێریی ماڵی باوکی ناوبراویشدا گرتووە و پێیان نەداونەتەوە.

شادمان ئەحمەدی کوڕی محەممەد و نەخشینە، لەدایکبووی ٨ی سەرماوەزی ١٣٦٨ لە دێولان بوو.