گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی چاوی محەممەد زەڕینی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

23:35 - 2 بانەمەڕ 2723

ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چاویان بریندار بووە لە ترسی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ڕۆیشتن بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و بەتایبەتیش نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان خۆیان بواردووە و لە ماڵدا و لەلایەن پزیشکی جێی باوەڕەوە خزمەتگوزاریی دەرمانییان بۆ کراوە.

بە هۆی ئەمنییەتیبوونی دۆخەکە ئامارێکی ورد و دروست لەو ناڕازییانەی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا چاویان بریندار بووە لەبەر دەستدا نییە و لە سەرەتای سەرماوەزی ١٤٠١ەوە، دەیان پزیشکی پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک بەنیسبەت کەڵکوەرگرتن لە فیشەکی ساچمەیی و پینێت باڵ لە سەرکوتی ناڕازییان و لەدەستدانی بینایی هۆشدارییان دابوو.

کوردپا لە زاری یەکێک لە نزیکانی محەممەد زەڕینییەوە شێوەی برینداربوونی چاوی دەگێڕێتەوە.

شێوەی برینداربوونی ئەم خۆپیشاندەرە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: محەممەد زەڕینی لە ڕەوتی ناڕەزایەتیەکانی گەڕەکی "غەفوور"ی سنە فیشەکی ساچمەیی بەر کەوت و چاوی ڕاستی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە پاش دوو جار نەشتەرگەری، بینایی چاوی ڕاستی خۆی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: محەممەد پاش ماوەیەک بەهۆی نالەباربوونی دۆخی چاوی ڕاگوێزراوە بۆ سەنتەری پسپۆڕیی "نوین دیدگان"ی تاران و دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە چاوی ڕاستی هێزی بینایی نییە.

ئەم سەرچاوەیە بە کوردپای وت: چاوی ڕاستی محەممەد زەڕینی دیسانەوە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و بەهۆی نەبوونی توانایی ماڵی جارێ ناتوانێ نەشتەرگەری بکا.

دەسبەسەرکرانی محەممەد زەڕینی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای سنەوە؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزەکانی سپای پاسداران لە سنە پاش برینداربوونی ئەم خۆپیشاندەرە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندەیان ڕاگواستووە و پاش ١٠ ڕۆژ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە ئازادیان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئیتلاعاتی سپا لە کاتی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی ئەم هاووڵاتییەدا هەموو فیلم و وێنە بنەماڵەییەکانی ناوبراو و فیلم و وێنەی ناڕەزایەتییەکانیان لە نێو مۆبایلەکەیدا سڕیوەتەوە و پێیان وتووە کە دەیەوێ ئەم عەکس و فیلمانە بۆ میدیا دژبەرەکان بنێرێ یا بۆ دروستکردنی دۆسییەی سیاسی بەمەبەستی وەرگرتنی پەنابەری کەڵكیان لێ وەربگرێ.

ئەم سەرچاوەیە وتی: چاوی بریندار و باقی ئەندامەکانی لەشی محەممەد بە هۆی ئەشکەنجە لە گرتنگەدا خوێنیان لێ ڕۆیشتووە و هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵێنیان لێ وەرگرتووە کە چیدیکە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا نەکات.

محەممەد زەڕینی کوڕی سەیفوڵڵا، لەدایکبووی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ لە سنەیە.