بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

00:33 - 1 بانەمەڕ 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیامەک هەیاسی" و "ئالان داغدار" خەڵکی گوندی حاجیاوای بۆکان لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی "سیامەک هەیاسی"یان دەسبەسەر کردووە و پاشان دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵەکەی.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەکوو لەپتاب، مۆبایل و فلەش مێمۆریدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، ئالان داغدار بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.