کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ڕەفیق سەلیمی لە دادسەرای سنە بەڕێوە چوو

10:52 - 29 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ڕەفیق سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە کە سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەقیزادە" بەڕێوە چووە، ڕەفیق سەلیمی لە بەرانبەر تۆمەتی وەپاڵدراوی "افساد فی‌الارض" بەرگریی لە خۆی کردووە.

ڕەفیق سەلیمی لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە هەتا ئێستا تەنیا یەک جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بنەماڵەی ڕەفیق سەلیمی بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو سەردانی دادگایان کردبوو و لەوێ پێیان ڕاگەیاندبوون کە بە "افساد فی‌الارض" تاوانبار کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، ڕەفیق سەلیمی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەز، ڕەفیق سەلیمی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.