مەریوان؛ فەرهاد مەلەکی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:25 - 28 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، فەرهاد مەلەکی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.

فەرهاد مەلەکی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتە دروستکراوەکان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کەوتووەتە ژێر گوشارەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پشکنینی ماڵەکەیان کردووە.

مۆبایلی فەرهاد مەلەکی و ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.