پارسا قوبادی چاوەکانی لەدەست داون

11:08 - 26 خاکەلێوه 2723

خەزەڵوەری ١٤٠١، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون و دەیان هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژران و بریندار بوون. ڕێژەیەکی زۆری ناڕازییان لە ئاکامی تەقەی ئامانجداری هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوەکانیان لەدەست دا.

سەرەتاکانی سەرماوەزی ١٤٠١، دەیان پزیشکی پسپۆڕ لە ئێران لە نامەیەکدا بەنیسبەت کەڵکوەرگرتن لە فیشەکی ساچمەیی و پینێت باڵ بۆ سەرکوتی ناڕازییان و لەدەستدانی بینایی ناڕازییان هۆشدارییان دابوو.

پارسا قوبادی، ناڕازیی خەڵکی کامێران و دانیشتووی کرماشان لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی یاریی فووتباڵی نێوان تیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئینگلیس، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی هەر دوو چاوی لەدەست دا.

شێوەی برینداربوونی پارسا قوبادی؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پارسا قوبادی شەوی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانەوە بووە، ئەو شەوە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی کرماشاندا هێزە سەرکوتکەرەکان و لیباس شەخسییەکان هێرشییان کردووەتە سەر ناڕازییان، پارسا لە پشت سەتڵێکی زبڵەوە خۆی حەشار داوە و بە تەقەی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی هەر دوو چاوی خۆی لەدەست داوە. دوای ئەم ڕووداوە لەلایەن نزیک بە ٢٠ تا ٣٠ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە باتووم لێی دراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ هێزە سەرکوتکەرەکان پاش لێدانی پارسا ئاوی ژاراوییان پێ داوە و دەوترێ شوێنەواری ٥٠٠ فیشەکی ساچمەیی لە سەر جەستە و چاوەکانی دیارە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان لە کاتی لێدانی پارسادا بە ناوبراویان وتبوو باشترە کوێر بیت تاکوو لە سێدارەت بدەین.

پارسا پاش برینداربوون بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی نووری تاران دەگوازرێتەوە و بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە هێشتا پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

سەرەڕای کەڵکوەرگرتن لە لێنز، چاوەکانی پارسا هێشتا ڕەنگەکان لێک جیا ناکەنەوە

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە چاوەکانی پارسا بە کوردپای ڕاگەیاند: چاوی چەپی پارسا پاش ٢ نەشتەرگەری و دانانی لێنز هیچ بیناییەکی نییە، چاوی ڕاستی پاش ٤ جار نەشتەرگەری و کەڵکوەرگرتن لە لێنز بیناییەکی کەمی هەیە، بەلام زۆر کزە. چاوەکانی پارسا بە ڕووناکی هەستیارە و بە سەختی ڕەنگەکان لێک جیا دەکاتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند؛ هەر دوو چاوی پارسا ٧ ساچمەیان بەر کەوتووە و بەشگەلێک لە چاوەکانی یەکسەر لەنێوچووە و نابینا بووە بەڵام نەشتەرگەری بۆ هەڵکۆڵینی چاوەکانی نەکراوە.

پارسا قوبادی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی لە لاپەڕيی خۆیدا نووسیویەتی: "تەنانەت ئەگەر چاویشم نەبێ، دیسانەوە درێژە دەدەم، هەم ژیانم و هەم هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادیی وڵاتەکەم."

پارسا قوبادی؛

پارسا قوبادی کوڕی فەرهاد و پەروانە، خەڵکی گوندی "شایینی"ی کامێران و دانیشتووی کرماشانە، ناوبراو لەدایکبووی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٣ە.