ڕاگواستنەوەی ئاروین نیکپەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان
ئاروین نیکپەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، ڕۆژێک پاش ڕاگواستنی بۆ زیندانی ئەم شارە، دیسانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە پاش ڕاگوێزرانی دووبارە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هیچ پێوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمە، ئاروین نیکپەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندان، ئاروین نیکپەی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگویزرابوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە، نیوەشەوی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "نێ" و لەپتاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاروین نیکپەی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.