دادگای پێداچوونەوە؛ فەرزانە سەیدی بە زیندان، سزای نەختی و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا

11:07 - 15 رێبەندان 2722

حوکمی مەحکووم‌کردنی فەرزانە سەیدی، خوێندکاری خەڵکی ئیلام لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بە ٢ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی تەعلیقی، ٢٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی، دوو ساڵ قەدەغەی چوونەوەدەرەوە لە وڵات و هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی، گۆڕدرا.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای کەیفەری ٢ی ئیلام بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆ/ دەرەوە"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزمی گشتی"، سەرجەم بە ٤ ساڵ و سێ مانگ زیندانی تەعزیری، دوو ساڵ قەدەغەکران لە چوونەوەدەرەوە لە وڵات و هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی، مەحکووم کرابوو.

فەرزانە سەیدی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئیلام، ئازاد کرابوو.