سەردەشت؛ برینداربوونی سێ برا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکان

16:58 - 4 رێبەندان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ڕێبەندان، سێ برا بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا حەمزە"، "ئازاد حەمزە" و "محەممەد حەمزە" خەڵکی گوندی "بێوران" سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکانەوە بریندار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو سێ برایە بوون و لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو سێ برایە، تەقەیان لێ کردبوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو سێ برایە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: محەممەد حەمزە بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەر، هێمن حەمزە برای عەبدوڵڵا، ئازاد و محەممەد، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دابوو.

پاش گیانلەدەستدانی هێمن حەمزە کۆبوونەوەی نارەزایەتی دژی حکوومەتی ئێران لە گوندی "بێوران" سەر بە شاری سەردەشت بەڕێوە چوو و دروشمگەلێک دژی حکوومەت لەو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەدا درا.