كەبوودوەند: تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بێ‌ پاساوە، رەت كراوە و مەحكوومی دەكەین

ئاژانسی كوردپا: بەرپرسی رێكخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان، لە دوو پەیامی جیادا جەخت و پێداگری لەسەر مەحكووم كردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی كردەوە.

نوسخەیەك لەو دوو پەیامە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە

دەقی پەیامی یەكەم:
22‌ی پووشپەڕ وەبیرهێنەرەوەی تێرۆری دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانە و ئەو رۆژە وەك رۆژی مەحكووم كردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە كوردستان ناودێر كراوە.

لە وەها رۆژێكدا ئەو دەوڵەتەی كە لە هەمبەر بەڕێوە بردن و ودیهێنانی ویستە رەواكانی خەڵكی كوردستانی ئێران بێ‌ توانا ببوو بە پشت بەستن بە سەرجەم رێكارە تۆتالیتار و توندوتیژەكان رێبەری یەكێك لە گاریگەرترین و بە تواناترین حیزبی بزووتنەوەی خەڵكی كوردستان، واتە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی لە شوێنی وتووێژی ئاشتیخوازانە دایە بەر دەستڕێژ و بە هیوای ئەوەی كە ویست و داوكارییە رەواكانی خەڵكی كوردستان هاوڕێ‌ لەگەڵ تەرمی لە خوێن شەڵاڵی دوكتۆر قاسملوو ئەسپاردەی خاك بكەن، بەڵام وای لێ‌ نەهات و واشی لێ‌ نایەت.

من محەممەدسەدیق كەبوودوەند وەكوو زیندانییەكی كورد، ئەو چەند دێڕە لە كاتێكدا دەنووسم كە لە ئیعتراز بەپێشێل كردنی ماف و هەڵاواردنە قەومی، رەگەزی و مەزهەبییەكان بۆ سەر زندانییانی كورد، مانم لە خوارن گرتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا بە ناوی \"رێكخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی كوردستان\" تێرۆری خەباتكاری ئازادیخواز، دێمۆكراسیخواز و ماف ویستی كورد دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە 23 ساڵ لەمەوبەر وەك جینایەتێكی مێژوویی، نەشیاو و مەحكوم و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بە سەرجەم لقەكانییەوە پاساوهەلنەگر، رەت و مەحكووم دەكەم.

تاران زیندانی ئێوین 29‌ی ژوئەن 2012
محەممەدسەدیق كەبوودوەند
بەرپرسی رێكخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی كوردستان

کەبوودوەند: تیرۆریزمی نێودەوڵەتی مەحکوومە
دەقی پەیامی دووەم:

باوكی مافی مرۆڤی كوردستان لە پەیامێكدا بە بۆنەی دەیەمی پووشپەڕ، رۆژی مەحكووم كردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە كوردستان، تیرۆریزم، بەتایبەتی جۆری نێودەوڵەتییەكەی محكووم كردووە و داوای لە ویژدانە بەخەوەرەكان كردووە بە شێوەی بەربڵاو مەحكوومی بكەن.
تیرۆریزم و بەتایبەت تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، لەلایەن هەركەس و هەر دەوڵەتێك، لە هەر كات و لە هەر شوێن و بەهەر مەبەستێك روو بدات، كردەیەكی جینایەتكارانە و مەحكوومە.

هەروەك بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرایە لە ماوەی دوو سێ‌ دەیەی رابردوو و دوای تیرۆری دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، رێبەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە كاتی دانوستانی دەسكرد لە ڤییەنی ئۆتریش، جێگرەكەی \"دوكتۆر سادق شەرەفكەندی\"یش لە برلینی ئاڵمان كەوتنە بەر گوللەی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەكان و ئەمەش لە حاڵێك دابوو كە سدیق كەمانگەر یەكێك لە رێبەرانی \"كۆمەڵە\"ش بە شێوەی هاوچەشن بووە قوربانی. لەو ماوەیەدا تیرۆریستانی نێودەوڵەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەكان دەستیان دایە تیرۆری رێبەران، فەرماندە و شۆڕشگێرانی كورد، سەدان كەس كرانە ئامانجی تیرۆری كیوێركوێرانە، هەڵبەتە لە ناوخۆی وڵات شێوازێكی دیكە لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی ناسراو بە \"دەرمانخوار كردن\"ی هێندێ‌ لە رێبەرانی میللی ـ مەزهەبیی كورد بۆ وێنە ئەحمەد موفتی زادە لە زیندان و هاوفكرەكەی لە ئەردەبێڵ و مەلا محەممەد رەبێعی لە كرماشان و كەسانی دیكە لەم جۆرە تیرۆرانە نەپارێزراون.

بەناوی رێكخراوی \"بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان\" تیرۆری هەر كەس و كەسایەتییەك بەهەر فكر و مەبەست و بیروباوەڕێكی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لەناوبردنیان بە یەكێك لە راستییە بەرچاوەكانی تیرۆری كوێركوێرانە و جینایەتكارانە دەزانم و ئەم چەشنە كردەوە تیرۆریستییانە بەبێ‌ پاساو و نەشیاو مەحكووم دەكەم و داوكارم هەموو ویژدانە بەخەوەركان رۆژی بیست و دووەمی پووشپەڕ ـ وەك رۆژی مەحكووم كردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە كوردستان مەحكووم بكەن.

تاران: زیندانی ئێوین ـ 7ی پووشپەڕی 1391
محەممەدسدیق كەبوودوەند
بەرپرسی رێكخراوی بەرگرەی لە مافی مرۆڤی كوردستان